كاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ سەر سییەكان

:: PM:07:16:26/03/2020 ‌

زۆركەس تووشی ئینفلەوەنزای وەرزی یان هەوكردنی سییەكانیان دەبنەوە، كە نیشانەكانی بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و كۆكە و ئازاری لەش و هەوكردنی قورگ و سەرئێشە، لە حاڵەتی ئاسایی بە ئیسراحەتكردن و خواردنەوەی شلەی زۆر و وەرگرتنی حەبی پاراسیتامۆل چارەسەر دەبێت، بەڵام لە حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسی نەخۆشییەكە زیاترە بەرەو پەكخستنی سییەكان دەچێت.
پێویستە رێگربیت لە گەیشتنی ڤایرۆسەكە بۆ ناو سییەكانت
ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رێگەی كۆكین و پژمینی كەسێكی تووشبوو و هەڵگری ڤایرۆسەكە دەچێتە ناو لەشەوە، یان لەكاتی بەركەوتنی رووێكی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە و گەیشتنی بە دەم و لووت و چاوەوە، لەكاتی گەیشتنی بۆ ناو لەش و لە ماوەی داینگەییدا، ڤایرۆسەكە بوونی خۆی بەهێز دەكات و دەچێتە ناو خانەكانی لەش دەست دەگرێت بەسەریاندا، واتە كۆنتڕۆڵی ئامرازی زۆربوونی دەكات و خۆی چەندجار دەكات.

ئەو ماوەیە، واتە لە كاتی چوونەژووەرەوەی ڤایرۆسەكە تا دەركەوتنی نیشانەكان بەسەر كەسی تووشبوو، لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە، بەڵام ناوەندی ماوەكە چەند رۆژێكە بۆ 14 رۆژ كە نیشانەكان دەردەكەون، سەرەتا ڤایرۆسەكە تووشی خانەكانی ناوپۆشی قورگ و بۆڕی هەوا و سییەكان دەبێتەوە و وایان لێ دەكات ژمارەیەكی زۆری ئەو ڤایرۆس بەرهەم بێنن، ئەوانیش هێرش دەكەنە سەر خانەی تر.

دوای ئەوە دۆخەكە دەگاتە قۆناغی شلۆقەوە كاتێك مەترسیداریی نەخۆشییەكە لەوێوە دەست پێ دەكات، جۆن ویڵسن، سەرۆكی كۆلیجی شاهانەی ئوسترالیا بۆ پزیشكان و پزیشكیی كۆئەندامی هەناسەدان لەو بارەوە بە رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی دەڵێت، ڤایرۆسەكە دەبێتە هۆی شێوانی كاردانەوەی سیستەمی بەرگری لەش، كاتێك لەش تووشی هەوكردنی سییەكان دەبێتەوە.

ڤایرۆسەكە لە لووت یان لە دەمەوە دەچێتە بۆڕی هەناسەوە و لەوێوە بۆ سییەكان، لە كۆتاییشدا دەگاتە سیكڵدانۆچكەی هەوای زۆر ورد لە ناو سییەكان كە لە رێگەی دیواری ئەوانەوە ئالوگۆڕیی ئۆكسجین و دووانە ئۆكسیدی كاربۆن لەگەڵ خوێندا دەكرێت، بەڵام لە حاڵەتی هەوكردنی سییەكان ئەوانە پڕ دەبن لە ئاو، ئەوەیش هەناسەتەنگی و سەختی هەناسەدان دروست دەكات و رەنگە هەندێك لە تووشبووان پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەبێت.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 283 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌