هه‌ر شارستانیه‌تێك تایبه‌تمه‌ندیى خۆى هه‌یه، به ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه ده‌خوێنرێته‌وه. دواجاریش به‌م پرۆسه‌یه له شارستانیه‌تى تر جیا ده‌كرێته‌وه. به‌ڵام چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر یه‌كێك له شارستانیه‌ته‌كان له‌رێى ده‌ق و زمانه‌وه بنیات نرابێت؟ چۆن هه‌وڵى تێگه‌یشتن له‌م شارستانیه‌ته ده‌ده‌ین؟ ئه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌قه "پیرۆز" بێت و رێ نه‌دات به میتۆده‌كانى زانستى نوێ خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكرێت و ته‌نیا به كۆمه‌ڵێك ئامراز و میكانیزمى كۆن ئه‌م كاره‌ى بۆ بكرێت؟ چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر جارێكى تر پشكنین بۆ ئه‌و میكانیزم و ئامرازانه بكه‌ین كه به‌هۆى ئه‌وانه‌وه "ده‌قه پیرۆزه‌كه" خوێنراونه‌ته‌وه؟ ئایا رێ به‌مه‌یش نادرێت و ئه‌وانیش پیرۆزن؟.
"وه‌ك چۆن شارستانیى میسرى كۆن شارستانیى دواى مه‌رگ بووه، شارستانیى یۆنان شارستانیى عه‌قڵ بووه، به هه‌مانشێوه‌یش شارستانیى عه‌ره‌بى ئیسلامى، شارستانیى ده‌ق بووه".
ئه‌و پرسیارانه‌ى سه‌ره‌وه بوو نه‌سر حامد ئه‌بوزێد نووسه‌رى به‌ناوبانگى میسریى جووڵاند تا كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌ى نایاب بكات، به‌هۆیشیانه‌وه باجێكى قورسى دا.
هه‌ڵبه‌ته له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى داخراو ئه‌وه چاره‌نووسى هزرى ئازاد ده‌بێت كه خاوه‌نه‌كه‌ى له ژیاندا باجى بیركردنه‌وه‌ى سه‌ربه‌ستانه بدات.
نه‌سر حامد ئه‌بوزێد له ساڵى 1943 له دایك بووه و له ساڵى 2010 مردووه، له ژیانیدا كۆمه‌ڵێك كتێبى گرنگى نووسیوه، له‌وانه "چه‌مكى ده‌ق، فه‌لسه‌فه‌ى ته‌ئویل، ئیبن عه‌ره‌بى وه‌ها دوا، بیركردنه‌وه له سه‌رده‌مى ته‌كفیردا، ئیمام شافعى و دامه‌زراندنى ئایدیۆلۆجیاى ناوه‌ندگیرى".
جیا له‌و كتێبانه‌یش چه‌ندان توێژینه‌وه‌ى تر‌ى كردووه و بڵاوى كردوونه‌ته‌وه.
به‌رله‌وه‌ى باس له یه‌كێك له كتێبه‌كانى نه‌سر حامد ئه‌بوزێد بكه‌ین، ده‌بێ ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه سه‌رجه‌م توێژینه‌وه‌كانى ئه‌و له‌باره‌ى كولتوورى عه‌ره‌بى ئیسلامین.
وه‌ك له ناونیشانى توێژینه‌وه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و توێژه‌ره ده‌ستى بۆ چه‌ندان بابه‌تى هه‌ستیار بردووه، بۆیه كه‌سانێكى توندڕه‌و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى له دژى وه‌ستاونه‌ته‌وه، تا دواجار به‌هۆى بیركردنه‌وه و توێژینه‌وه‌كانى له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى دوور خراوه‌ته‌وه و له هۆڵه‌ندا گیرساوه‌ته‌وه.
حامد ساڵانێك دواتر له كتێبێكدا به ناونیشانى "بیركردنه‌وه له سه‌رده‌مى ته‌كفیردا"، باس له‌و ئاسته‌نگانه ده‌كات كه رووبه‌ڕووى كراونه‌ته‌وه، له‌وانه دوور خراوه‌ته‌وه و له هه‌ندێك ئیمتیازى ئه‌كادیمى بێبه‌ش كراوه و ته‌نانه‌ت رووبه‌ڕووى كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش بووه‌ته‌وه.
"چه‌مكى ده‌ق: توێژینه‌وه له‌باره‌ى زانسته‌كانى قورئان" به یه‌كێك له گرنگترین كتێبه‌كانى نه‌سر داده‌نرێت. ئه‌م كتێبه له هه‌موو كتێبه‌كانى تر كه له سه‌ره‌وه ناویان هاتووه كۆنتره.
به‌رله‌وه‌ى باس له بابه‌تى كتێبه‌كه بكه‌ین، ده‌بێ بۆ به‌رچاوڕوونى چه‌ند تێبینییه‌ك بخه‌ینه ڕوو، یه‌كه‌م ئه‌و ده‌قه‌ى له‌م كتێبه‌دا باس ده‌كرێت، قورئانه، واته ده‌قێكى پیرۆزه، جگه له خه‌سڵه‌تى "پیرۆزیى"، ئه‌و ده‌قه كۆمه‌ڵگه و شارستانیه‌تى له‌سه‌ر بنیات نراوه، ئه‌ویش به شارستانیى عه‌ره‌بى ئیسلامى ده‌ناسرێت.
دووه‌م تێبینی ئه‌وه‌یه مه‌به‌ست له زانسته‌كانى قورئان، "علوم قورئان"ـه كه زانستێكى شه‌رعییه و تایبه‌ته به خوێندنه‌وه‌ى قورئان، یان بریتییه له كۆمه‌ڵێك ئامرازى تایبه‌ت به خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له قورئان.
نه‌سر له كتێبه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات كه زانسته‌كانى قورئان، پێویستیان به‌وه‌یه توێژینه‌وه‌یان له‌باره‌وه بكرێت، چونكه دانراوى مرۆڤن، بۆیه ده‌كرێ هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش ئه‌و زانستانه زۆرجار ناتوانن لایه‌نى مه‌عریفى پێوه‌ندى "ده‌ق" و "كۆمه‌ڵگه" ئاشكرا بكه‌ن.
نووسه‌ر ده‌ڵێ "هه‌ندێك پێیان وایه ئه‌و زانستانه ته‌واو پێگه‌یشتوون، پێویستیان به‌وه نییه توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێت". هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌كات كه خه‌ڵكێكى زۆر بۆ ناوبانگ، خه‌ریكى زانسته‌كانى قورئان ده‌بن گوایه ده‌یانه‌وێ به فێربوونى ئه‌م زانستانه "به‌ره‌كه‌تى خودا" به‌ده‌ست بێنن، به‌ڵام كاره‌كه‌ى نه‌سر ته‌واو له ئامانجى ئه‌وان جیاوازه.
نه‌سر ده‌ڵێ "قورئان ده‌قێكى زمانه‌وانییه، ده‌كرێ له مێژووى كولتوورى عه‌ره‌بى به ده‌قێكى سه‌ره‌كى دابنرێت، ته‌نیا بۆ ساده‌كردنه‌وه نییه ئه‌گه‌ر وه‌سفى شارستانیى عه‌ره‌بى ئیسلامى بۆ بكه‌ین، شارستانیى ده‌قه".
هه‌ر له كتێبه‌كه‌ى نه‌سر حامد ئه‌بوزێد رۆڵى "ده‌ق" له شارستانیى عه‌ره‌بى ئیسلامى روون ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ، "وه‌ك چۆن شارستانیى میسرى كۆن شارستانیى دواى مه‌رگ بووه، شارستانیى یۆنان شارستانیى عه‌قڵ بووه، به هه‌مانشێوه‌یش شارستانیى عه‌ره‌بى ئیسلامى، شارستانیى ده‌ق بووه".
كاتێك ده‌ق له دروستكردنى كۆمه‌ڵگه و شارستانیی به‌شدار ده‌بێت، ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌كى زانستییانه توێژینه‌وه‌ى بۆ بكرێت، چونكه له تێڕوانینێكى ئایدیۆلۆجى ناتوانرێ په‌ى به ره‌هه‌نده‌كانى ببرێت. نه‌سر حامد ده‌ڵێ، "پێوه‌ندیى نێوان ده‌ق و كولتوور پێوه‌ندییه‌كى دیالیكتیكى ئاڵۆزه، له‌سه‌رووى ئه‌و تێزه ئایدیۆلۆجییانه‌ی كولتوورى هاوچه‌رخمانه كه بۆ ده‌ق هه‌یانه".
هه‌ڵبه‌ته ده‌بێ له باسكردنى ده‌قى قورئان ره‌چاوى چه‌مكى سرۆش "وه‌حى" بكرێت، واته قورئان وه‌ك ده‌قێكى ئاسایی نییه، به‌ڵكو به سێ قۆناغ ده‌ڕوات، یه‌كه‌م قۆناغى سرۆش و گه‌یاندنى په‌یام، دووه‌م قۆناغ وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌رى كولتوور، له سێیه‌م قۆناغیشدا قۆناغى شرۆڤه و راڤه‌كردنى ده‌قه‌كه‌یه له چه‌ندان روانگه‌ى جیاوازه‌وه.
نه‌سر باس له گرنگى توێژینه‌وه‌كه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێ، "توێژینه‌وه له چه‌مكى ده‌ق، ته‌نیا گه‌شتێكى هزرى نییه له‌ناو كولتووردا، به‌ڵكو گه‌ڕانه له ره‌هه‌ندێكى ونبووى ئه‌و كولتووره. ئه‌و ره‌هه‌نده‌یش ده‌توانێ هاوكارمان بێت له داڕشتنه‌وه‌ى هۆشیارییه‌كى زانستى له‌باره‌ی كولتووره‌كه".
له چه‌ندان شوێندا نه‌سر دووپاتی ده‌كاته‌وه، ده‌كرێ ده‌قى قورئان له چه‌ندان گۆشه‌نیگاى زانستییه‌وه خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكرێت، هه‌روه‌ها خوێنه‌ران له‌وه دڵنیا ده‌كاته‌وه ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ى به ناوى "چه‌مكى ده‌ق" بڵاوى كردووه‌ته‌وه، وه‌ڵامى هه‌موو ئه‌و پرسیارانه ناداته‌وه كه له‌باره‌ى پێوه‌ندى كولتوورى عه‌ره‌بى ئیسلامى و ده‌قى قورئان هه‌یه.
كتێبى چه‌مكى ده‌ق له سێ ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى پێكهاتووه و هه‌ر ته‌وه‌رێك چه‌ندان به‌ش له‌خۆ ده‌گرێت، كتێبه‌كه چه‌ندان جار و له چه‌ندان شوێن چاپ كراوه‌ته‌وه و له 317 لاپه‌ڕه پێكهاتووه. له هه‌رسێ ته‌وه‌ردا نه‌سر حامد ئه‌بوزێد تاوتوێى چه‌ندان چه‌مكى گرنگى علوم قورئان ده‌كات، وه‌ك چه‌مكى "وه‌حى" و "ئیعجاز" و چه‌ندان بابه‌تى گرنگى تر.
بێگومان نه‌سر له‌م كتێبه‌دا میتۆدێكى زانستى پێڕه‌و كردووه، میتۆده‌كه‌یش له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه قورئان ده‌قه، ئه‌م ده‌قه‌یش په‌یامێكى زمانه‌وانییه له نێوان به‌خشه‌ر و وه‌رگر. كاتێك ده‌قێكیش وه‌ك زمان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، واته واتاى ئه‌وه‌ى له زنجیره‌یه‌ك كۆد و هێما پێكهاتووه.
دیاره ئه‌و كتێبه‌ى نه‌سر و كتێبه‌كانی تریشى بۆ خوێنه‌ر زۆر ئاسان نین، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه به شێوازێكى ته‌واو ئه‌كادیمى نووسراون، دووه‌م سه‌رجه‌م نووسینه‌كانى له‌باره‌ى كولتوورى ئیسلامن، بۆیه خوێنه‌ر ده‌بێ كه‌م تا زۆر شاره‌زاییه‌كى له‌م كولتووره هه‌بێت. هۆكارێكى تریش پێوه‌ندى به شێوازى نووسینه‌كه‌وه نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه نه‌سر له ده‌ره‌وه‌ى "گوتارى باو" بیر ده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌یش له گوتارى باو ده‌گرێت.
وێڕاى ئه‌و خاڵانه‌ى سه‌ره‌وه‌یش، زۆر له نووسه‌ران و رۆشنبیرانى كورد ده‌مێكه به نووسینه‌كانى نه‌سر حامد ئه‌بوزێد ئاشنان. به‌تایبه‌تى له نه‌وه‌ته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا كاتێك ره‌وتى ئیسلامییه جیاوازه‌كان له ناوچه‌كه به‌هێز بوون، نووسینه‌كانى نه‌سر بۆ تێگه‌یشتن له‌وان پێویست بوو، ئێسته‌یش نووسینه‌كانى ئه‌و به‌هاى خۆیان له ده‌ست نه‌داوه.