تەقینەوەیەک لە شارۆکەی خورماتوو ڕووی دا

:: AM:09:48:28/03/2020 ‌
بەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەك لە شارۆكەی خورماتوو ڕووی دا و تا ئێستە زیانەكانی نەزانراوە و دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە.

ئەمرۆ شەموو 28ـی ئادار، عەلی سەباح بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیوای شەشی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەعات هەشتی و 25 خولەك ئاگەدار كراینەوە بە بوونی تەقینەوەیەك لە ناو بازاڕی شارۆكەی خورماتوو.

ڕوونی كردەوە، ئێستە هێزەكان چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و دەست كراوە بە لێكۆڵینەوە و تا ئێستە زیانەكان نەزانراوە، بەڵام زانراوە كە تەقینەوەكە لە ئەنجامی بۆمبێكی چێنراو بووە.

تەقینەوەكە لە ئەنجامی بۆمبێكی چێنراو بووە 
دوو هەفتەی ڕابردوو لە شارۆكەی خورماتوو تەقینەوەی ماتۆڕسكیلێك و هێرشی لە نزیك پشتێنەی تەناهیی خورماتوو هەبوو كە پێنج گولە هاوەن ئاراستەی شارۆكەی خورماتوو كران.

ڕۆژی دووشەم 16ـی ئادار تەقینەوەیەك لە ناو بازاڕی خورماتوو ڕووی دا و ژمارەیەك هاووڵاتی بوونە قوربانی.

تەقینەوەكە لە بازاڕی گەورەی خورماتوو بوو، بووە هۆی برینداربوونی حەوت هاووڵاتی و بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو شارۆكەیە، لێكۆڵینەوە بۆ تەقینەوەكە بەردەوامە و پێ دەچێت كاری گرووپە توندئاژووەكان بێت.

شارۆكەی خورماتوو دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر، كەوتووەتە دەست میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ئێستە دۆخی تەناهیی باش نییە.



وشە - رامیار جەواد