سارای پایز یه‌كێكه له‌و ژنه شاعیرانه‌ی كورد كه ساڵانێكی زۆره خزمه‌ت به شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردی ده‌كات، تا ئێسته خاوه‌نی دیوانێكی شیعری و سێ ڕۆمانه، نوێترینیان ڕۆمانی "به‌ردی سێبوری"یه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌ده‌بیات له‌گه‌ڵ ئه‌م ژنه شاعیر و ڕۆماننووسه ده‌كه‌ین.
خۆم له پایزدا له دایك بووم
سارای پایز له چییه‌وه هاتووه و خاوه‌نی چه‌ند ڕۆمان و دیوانه شیعری؟
سارای پایز ئه‌و پرسیاره‌یه كه ڕۆژانه و له چاوپێكه‌وتنه‌كانمدا ڕووبه‌ڕووی ده‌بمه‌وه، به‌شێكی پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه خۆم له پایزدا له دایك بووم، له هه‌مانكاتدا پایزیشم زۆر خۆش ده‌وێت. هه‌روه‌ها خاوه‌نی سێ ڕۆمان و یه‌ك دیوانه شیعرم.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵه خزمه‌ت به ئه‌ده‌بیاتی كوردی ده‌كه‌ی؟
ماوه‌ی 17 ساڵ ده‌بێت سه‌رقاڵی نووسینم، له سه‌ره‌تای ساڵی 2003وه گرنگیم به خوێندنه‌وه‌ی بواره جیاوازه‌كان داوه به‌تایبه‌تی ڕۆمان، تا زیاتر وه‌ك ژێرخانێكی مه‌عریفی خۆم ئه‌زموونه‌كانمی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌م و بتوانم له‌و ڕێیه‌وه نووسینه‌كانم ته‌نیا له قۆناغێكدا نه‌هێڵمه‌وه، هه‌نگاو هه‌نگاو به‌ره‌و پێشی ببه‌م تا بگه‌مه ئه‌مڕۆ.
جگه له ڕۆمان په‌خشان و چیڕۆكت هه‌یه؟
به‌ڵێ هه‌ندێك چیرۆكیشم هه‌ن، به‌ڵام هیچ كات په‌خشانم نه‌نووسیوه.
كه‌واته چیڕۆك و په‌خشان و ڕۆمان چۆن لێك جیا ده‌كرێنه‌وه و جیاوازییان چییه؟
جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه زۆر ئاسانه، پێم وانییه زۆر به‌یه‌ك بچن كه به‌ئاسانی لێك جیا نه‌كرێنه‌وه، چونكه هه‌ریه‌كه و ستایل و شێواز و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه له‌ڕووی داڕشتن و بابه‌ت و فۆرمه‌وه.
به چه‌ند زمان شیعرت نووسیوه؟
شیعرم به‌زمانی كوردی نووسیوه، هه‌ندێك شیعریشم به زمانی فارسی نووسیوه. هه‌ڵبه‌ت چه‌ند دانه‌یه‌ك له شیعره‌كانم بۆ سه‌ر زمانی فارسی هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان، به‌ڵام زۆر نین.
شیعره‌كانت زیاتر بۆ چی مه‌به‌ستێكن؟
بابه‌تی شیعره‌كانم گشتین، به جۆرێك هه‌ر كه‌سێك بیانخوێنێته‌وه، خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه. جگه له‌وه‌ش له‌ڕێی زمانی سروشت و كاره‌ساته‌كانه‌وه زیاتر په‌یامه‌كانم گه‌یاندووه.
چ شتێك زیاتر تۆی كردووه به پاڵه‌وانی نووسینه‌كانت؟
پێم وانییه شیعر ته‌نیا ئیلهام بێت یاخۆ هه‌ر یه‌كێك له بابه‌ته‌كانی وه‌ك عه‌شق، جوانی، ماچ، ئازاره‌كانی ژنان و میله‌ته‌كه‌ت.. هتد، تاك بكات به شاعیرێكی ڕاسته‌قینه، به‌ڵام ڕه‌نگه وه‌ك پاڵنه‌رێكی ئاسایی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن، چونكه نووسین و هه‌ڵبژاردنی قه‌ڵه‌م پێویستی زۆر له‌وه زیاتره، واته ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی به خوێندنه‌وه و خولیا و خه‌ونی گه‌وره‌تر هه‌یه، پێویستی به‌وه نییه شیعر بچووك بكرێته‌وه له عه‌شق یان له ئازارێكدا، چونكه هه‌مووان به جۆرێك له جۆره‌كان مه‌حكوومین به‌خه‌م و ئازار و عه‌شق. ئه‌گه‌ر وابێ هه‌مووان ده‌بێ شاعیربن، ئه‌مه‌ش شتێكی مه‌حاڵه.
ڕۆمانی "به‌ردی سێبوری" به واتای چی هاتووه و كه‌ی به چاپت گه‌یاندووه، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باس له چی ده‌كات؟
به‌ردی سێبوری یه‌كێكه له نوێترین چاپكراوه‌كانم كه ڕۆمانێكی قه‌باره مامناوه‌ندییه و ساڵی 2019 به چاپم گه‌یاند. ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕۆمانه باس له دووباره‌بوونه‌وه‌ی عه‌شق ده‌كات له سه‌رده‌می جیاواز و هه‌ڵوێستی جیاوازدا، واته ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی كه ڕه‌نگه خۆی ڕاستترینیان هه‌ڵبژێرێت، چونكه پێوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ له نێوان كاراكته‌ر و خوێنه‌ردا ده‌خوڵقێ، واته پێوه‌ندییه‌كی هاوڕێیانه‌ی وا كه به جۆرێك له جۆره‌كان خوێنه‌ر عاشقی گوێگرتن ده‌كات، له‌گه‌ڵ خۆیدا تا كۆتایی ڕۆمانه‌كه ده‌یبات و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و مافه به خوێنه‌ر ده‌دات كه له به‌رانبه‌ر هه‌ر ڕووداوێكدا، ده‌شێ هه‌ڵوێستی جیاوازی هه‌بێت.
ئه‌م بۆچوونه تا چه‌ند ڕاسته كه نووسه‌ران ده‌ڵێن، ڕۆمان ترۆپكی ئه‌ده‌بیاتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كه؟
بێگومان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕۆمان ده‌بێ به مێژووی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه، واته له ده‌رگه‌ی ڕۆمانه‌وه ده‌توانین بچینه ناو هه‌موو بواره‌كانی تره‌وه، یان له ڕێی ڕۆمانه‌وه له بواری سایكۆلۆجی، كولتووری، داونه‌ریت، جیۆگرافی و مێژوویی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه بگه‌یت، له‌به‌رئه‌وه له هه‌ر لایه‌كه‌وه سه‌یری ڕۆمان بكه‌ین، ئاشنامان ده‌كات به‌و كۆمه‌ڵگه‌یه.
ئه‌ی نووسه‌رانی كورد تا چه‌ند گرنگییان به ڕۆمان داوه؟
بێگومان نووسینی رۆمان ئاسان نییه، بۆیه ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پێشتر دراون، هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی و دیار بوون، به‌ڵام ئێسته گرنگییه‌كی زیاتر ب ه‌نووسینی ڕۆمان ده‌درێت له‌لایه‌ن نووسه‌رانه‌وه و به‌رهه‌می جوان و به‌پێزیش به‌رئه‌نجامی ئه‌و ماندووبوونه بووه.
جیا له ئه‌ده‌بیات، له بواری سینه‌ماشدا كار ده‌كه‌یت، به بۆچوونی تۆ نووسینی ئه‌ده‌ب و سینه‌ما تا چه‌ند به‌یه‌كه‌وه پێوه‌ستن و چۆن تێكه‌ڵ به یه‌كتری ده‌كه‌یت؟
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌ده‌ب و سینه‌ما له‌لایه‌ك زۆر له‌یه‌كه‌وه دوورن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه زۆر له یه‌كتر نزیكن. به‌و واتایه‌ی نووسینی سیناریۆی فیلم یاخۆ دراما یان شۆرت فیلم، زۆر جیاوازه له نووسینی ڕۆمانێك، چونكه بۆ ڕۆمان ده‌بێ زمانێكی ته‌واو ئه‌ده‌بیی به‌كار بێنی، له سیناریۆی فیلم‌دا به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێ زمانێك بێت ڕاسته‌وخۆ و ساده و بێ گرێ بێت، به‌ڵام به به‌رزترین ئاستی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه كه له نووسینی ڕۆمان لام قورستره.
له هه‌مانكاتدا كاتێك تۆ ده‌ته‌وێ سیناریۆی فیلمێك بنووسی، تا باكگراوندی ئه‌ده‌بیت قووڵتر بێت، به‌رهه‌مه‌كه‌ت شیاوتر و به‌پێزتر و قبووڵكراوتر ده‌بێت، بۆیه پێویسته نووسه‌ر زۆر به وریایی و لێزانانه‌وه له هه‌ردوو بواره‌كه‌دا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه‌دا بكات كه له به‌رده‌ستیدایه.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال