نزیكەی مانگێك دەبێ حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، پێش تۆماركردنیان و گەیشتی كۆرۆنا بە وڵاتانی دەوروبەر، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێی تیمێكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، هەموو ئامادەكارییەكی كرد تا بەتەواوی رووبەڕووی ئەو ڤایرۆسە ببێتەوە و لایەنی كەم بە كەمترین زیان لێی دەربچێ.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای هەنگاوەكانیدا ژمارەیەك رێكاری لە مەرزەكانی هەرێم لەگەڵ ئێران راگەیاند و جێبەجێ كرا، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی چەند مەرزێك كە دەكەونە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ولەلایەن حكوومەتی عێراق ئیدارە دەدرێن كۆرۆنا گەیشتە عێراق و كوردستان و حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمار كرا.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە فریادەڕەسی خەڵكی كوردستان لە رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا دادەنرێ
هەرچەندە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا یەكەم ئەزموونی حكوومەتی هەرێم و هەموو دنیا بوو، بەڵام پزیشكان و ئەوانەی چاودێری رەوشی دنیایان دەكرد لە رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا شایەتی ئەوە دەدەن كە حكوومەت بە زووی فریا نەكەوتبایە كارەسات لە كوردستان رووی دەدات.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە بە فریادەڕەسی خەڵكی كوردستان لە رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا دادەنرێ لەماوەی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەكە چەند پەیامێكی بڵاو كردەوە، سەرباری ئەوەی داوای كرد كە مەترسیی كۆرۆنا بە رژدی وەبگیرێ بە راشكاویش بە خەڵكی راگەیاند كە تواناكانی تەندروستی لە كوردستان سنووردارن و پێویستە پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەكان و بریارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن.
خەڵكی كوردستان تا ئێستەیش كە قەدەغەی هاتوچۆ لە كوردستان جێبەجێ دەكرێ، بە تەواوی پابەندی بریارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بووە كە كۆرۆنا لە حاڵەتی هێرشكردنەوە چووبێتە حاڵەتی بەرگری و لە پاشەكشەدایە.
ئامارەكانی كوردستان لەبارەی كۆرۆنا ئەوە ئاشكرا دەكەن كە رێكارەكانی حكوومەت بە تەواوی كاریگەری لەسەر دۆخەكە هەبوو، بۆنمونە ئێستە كوردستان لە ریزبەندی دووەمین وڵاتی دنیایە لە چاكبوونەوەی كۆرۆنا. تا ئێستە تەنیا 68 كەس لەژێر چاودێری پزیشكی ماونەتەوە و بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستی رەوشی ئەوانیش جێگیرە.
هەرچەندە وەك ئەوەی پێشتر مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئاماژەی بۆ كردبوو، توانای تەندروستی كوردستان سنووردارە، بەڵام پزیشكێك دەڵێ، كۆكردنەوەی توانا تەندروستییەكانی كوردستان و پلانەكانی حكوومەت وای كرد تەندروستی كوردستان بە توانایەكی گەورە رووبەرووی كۆرۆنا ببێتەوە.
د.رەوەند حەوێز پزیشكی گشتیی لە كوردستان بۆ "وشە" گوتی، ئەو هەواڵانەی لەبارەی كۆرۆنا لە كوردستان تا ئَێستە بڵاو دەكرێتەوە هەنگاوی گرنگە و چاكبوونەوە رووی لە زیادبوون كردووە. هەروەك روونیشی كردەوە كە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵی گرنگی لەوە هەبوو كە كوردستان تووشی كارەسات نەبوو بەهۆی كۆرۆناوە.
ئەو پزیشكە دەڵێ، كۆرۆنا لەسەرەتادا مەرترسییەكی گەورەبوو لەسەر كوردستان هەموو پێشبنییەكان بۆ ئەوە دەچوون كە كارەساتی گەورە لە كوردستان دەخوڵقێنێ، بەڵام ئومێد هەیە كە بە كەمترین زیان لێی دەربچین.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیان بڕیاری جۆراوجۆری داوە بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە كە هەموو توانا میدیاییەكانی خستووەتە گەڕ و بریاریشداوە كە ئەو ناوچەی زۆرترین حاڵەتی كۆرۆنای لێ تۆمار كراوە بودجەیەكیان بۆ تەخان بكات. هاوشێوەی ئەوەی كە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بڕیاری دا بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەندروستیی دەربەندیخان تەرخان بكات كە زۆرترین حاڵەتی كۆرۆنای تێدا تۆمار كراوە.
پەرلەمانتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووپات دەكاتەوە پێویستە بە گرنگییەوە سەیری بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت كە توانای لەو قۆناغە زۆر بە باشی فریای خەڵكی كوردستان بكەوێ.
لوقمان وەردی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان فریاكەوت كە زۆر بە خێرای رێككاری گرنگی بەرانبەر رووبەربوونەوەی كۆرۆنا گرتە بەر.
دووپاتیشی كردەوە، بریارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فریای دۆخەكە كەوت لەگەڵ ئەوەی یەكەم ئەزموونی حكوومەت بوو لە حاڵەتێكی لەو جۆرە كە لە كوردستان رووبدات.
وەردی بە گرنگی زانی كە خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هاوكاری حكوومەت بكەن تا بەتەواوی لەو قۆناغە تێپەڕێ و حكوومەتیش مافی خەڵكی دابین بكات. هەمووان بەتوانای خۆی رەوشەكە لەبەرچاو بگرێ و بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە هاوكاری یەكتر بكەین.