شوێنی‌ كه‌ره‌نتیینه‌كراوان پاك ده‌كرێته‌وه‌

:: PM:06:22:28/03/2020 ‌
لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان، تیمی فەرمانگە شارەوانییەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە سەرجەم شار و شارۆكەكان له‌ هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنادان، لە كۆڵان و بازاڕ و گەڕەكەكان، شەقام و ناو باخچە و فەرمانگە و تەنانەت مزگەوت و نەخۆشخانەكانیش هەڵمەتی ڕشاندنی دژە ڤایرۆس بەڕێوە دەبەن، بۆ جێبەجێكردنی ڕێنوێنییه‌كانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لە پڕۆسەیەكی بەردەوامدا ئەركێكی تری‌ یەكجار قورس و گرینگ لە ئەستۆی تیمی شارەوانی و گەشتوگوزارە
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌مڕۆ شه‌موو 28ی‌ ئادار، كوردۆ عومه‌ر به‌ڕێوبه‌ری‌ ڕاگه‌یاندی‌ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار به‌ "وشه‌"ی‌ ڕاگه‌یاند، "ئێسته‌ پشووە، هاووڵاتییان بەهۆی كۆرۆناوە لە ماڵەوە سەیری هەواڵەكان و خۆپارێزی دەكەن لە كۆرۆنا، له‌لایه‌كی‌ تر بە سەتان تیمی گەورەی شارەوانی لەسەر شەقام و لەناو گەڕەكەكاندان و راستەوخۆ شەڕی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكەن، رشاندنی دژە ڤایرۆس و خاوێنكردنەوەی بازاڕ و گەڕەك و هەموو شوێنەكان، هەروەها دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ ماڵان و پاكڕاگرتنی پاركەكان و نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان و دەیان كاری تریش، سەرەڕای ئەو كارانە، لە پڕۆسەیەكی بەردەوامدا ئەركێكی تری‌ یەكجار قورس و گرینگ لە ئەستۆی تیمی شارەوانی و گەشتوگوزارە."

زیاتر گوتی‌، "تیمی فەرمانگە شارەوانییەكان وێڕای رشاندنی دژە ڤایرۆس، هەروەها لە پڕۆسەیەكی بەردەوام و پڕ لە جموجۆڵدا ئەركی چاودێریكردن و هەڵگرتنی پاشماوەی هەموو ئەو كەس و شوێنانەی لە ئەستۆدا كە تایبەتن بە كەرەنتینەكردن، وەك نموونە هۆتێلەكان، ئەو شوێنانە لە پڕۆسەیەكی بەردەوام تەعقیم دەكرێن، ئۆتۆمبێلەكانیش كاتێك پاشماوەكان بەرەو شوێنی تایبەتی چارەسەركردن دەگوازنەوە، سه‌به‌ته‌ی زبڵەكان بە دژە ڤایرۆس خاوێن دەكرێنەوە، ئەو ئەركە قورسە بەوەی مامەڵەكردنە لەگەڵ پاشماوەی كەسانێك دەكرێ هەڵگری ڤایرۆسەكە بن یان نا! قورستریش لەوە دەبێت ئەو پاشماوانە لە شوێنی تایبەت چارەسەر بكرێن بە شێوەیەك نەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە."

ڕوونی‌ كرده‌وه‌، "لە سەرجەم شارەكانی هەرێم چەندان شوێنی تایبەت وەك نموونە هۆتێلەكان بۆ كەرەنتینەكردنی خەڵكانێك دابینكراون كە لە چاوەڕوانیی دوا ئەنجامی پشكنینەكانیانن، تەنیا لە شاری هەولێردا زیاتر لە 10 شوێنی كەرەنتینە هەن، تیمەكانی شارەوانی و تیمی بەڕێوەبەرایەتییە گەشتوگوزارییەكان لە سەرجەم شارەكاندا ئەركی چاودێریكردنی شوێنەكانیان لە ئەستۆدایە بە هەڵگرتنی پاشماوەكان و تەعقیمكردن و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی رێنماییەكان و رێنمایی نوێتریش كە بۆ ئەو شوێنانە پێویستن."

"ئەو پرۆسەیە ئاسان نییە، ئۆتۆمبێڵەكان، كارمەندەكان، سه‌به‌ته‌كانی زبڵ بە دوو قۆناغ، واتە پێش تێكردنی زبڵ و دوای فڕێدانیشی دەبێ تەعقیم بكرێن، كەلوپەلەكان بەردەوام تەعقیم دەكرێن، كارمەندانی گەشتوگوزاریش چاودێری سیستەمی خۆراك دەكەن لە ڕووی پاكوخاوێنی بە شێوەیەك دەبێت شایستەی كەسانی كەرەنتینەكراو بێت."كوردۆ عومه‌ر به‌ڕێوبه‌ری‌ ڕاگه‌یاندی‌ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وای‌ گوت.














وشە - محەمەد میران