سەدر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بە هاوسەرگیریی هاورەگەزبازان دەبەستێتەوە

:: PM:07:58:28/03/2020 ‌

ئەمڕۆ موقتەدا سەدر تویتێك لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات و بە یاساییكردنی هاوسەرگیریی هاورەگەزبازان دەیبەستێتەوە، لە بەرانبەردا باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق وەڵامی دەداتەوە بەوەی ئەوان شانازی بە یاساكە دەكەن.
بەریتانیا بۆ سەدر: با لە رێنوێنیی تەندروستییەوە كاریكار بین
ئەمڕۆ سەدر لە تویتێك نووسیویەتی كە یەكێك لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە یاساییكردنی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزبازانە، بۆیە پێویستە حكوومەتەكان پاشگەز ببنەوە و ئەو یاسایە هەڵبوەشێننەوە، بەڵكو بۆیان بە پەشیمانبوونەوە لە گوناهەكە حسێب بێت، ئەگینا پەشیمانی داد نادات.

لە وەڵامی سەدر ستیڤن هایكی، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق لە تویتێك نووسویەتی، سوپاس بۆ پێوەندیكردن لەگەڵ وڵاتێكی وەك بەریتانیا، كە ئێمە پێویستیمان بە پێوەندیكردن و هاریكاری زیاتر لەو كاتە هەستیارەدا هەیە، وەك ئاماژەیەك بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.   

زیاتر گوتی، شانشینی یەكگرتوو یاسای تایبەتی خۆی سەبارەت بە هاوسەرگیریی رەگەزبازان ناگۆڕێت كە شانازی پێوە دەكەین، لەبری ئەوە با بەیەكەوە و لەسەر بنەمایەكی باشتر لەسەر رێنوێنییە پزیشكییەكان كار بكەین. 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 48 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و دوو مردن و نۆ چاكبوونەوە هەبووە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبوون 506 حاڵەت و مردنیش 40 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 131 حاڵەتە لە عێراق.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل