سیناریۆكانى پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق

:: PM:09:02:28/03/2020 ‌

لە تێپەڕبوونی نیوەی ماوەی دەستووری پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق نزیك دەبینەوە كە دەستوور 30 رۆژی دیاری كردووە و عەدنان زورفی وەك كاندیدێكی شیعە لە 17ی ئەم مانگە هاتە راسپاردن، بەڵام جیا لە ناكۆكیی سیاسی ناو ماڵی شیعە و پێكهاتەكانیتر، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی هۆكارێكی تری دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتەكەیە. 
هێزە شیعەكان ململانێی دەسەڵات و مان و نەمانیان دەكەن
حەمید كەفائی، نووسەر و سیاسەتوانی پێشووی عێراقی دووپاتی دەكاتەوە كە بەرهەڵستیی زۆرێك لە هێزە شیعەكان بۆ عەدنان زورفی لەترسی ئەوەیە حكوومەتی داهاتوو، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن نێودەوڵەتییە پاڵپشتی بكرێت، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكات و دزی و تاوانەكانیان ئاشكرا دەكات و میلیشیاكانیان هەڵدەوەشێنێتەوە كە لەو رێگەوە كۆنترۆڵی عێراقیان كردووە.

لای خۆیەوە ئیحسان شمەری، سەرۆكی سەنتەری هزری سیاسی پێی وایە كە ئەوەی زورفی جیا دەكاتەوە، كە ئەندامێكی پێشووی حزبی دەعوەیە، بوونی كەسایەتییەكی بەهێز و هەڵسوكەوتێكی میانڕەوی سیاسییە و لەسەر قوتابخانەی میانڕەوان حسێب دەكرێت.

ئەحمەد یاسری، توێژەری عێراقی پێی وایە خاڵی بەهێزی زورفی رەتكردنەوەی تایفیەت و بوونی چەكی بەدەر لە دەسەڵاتی دەوڵەتە و پاڵپشتی خۆپێشاندەرانیش دەكاتـ ئەو كاتەشی پارێزگاری نەجەف بووە، كەسێكی سەركەوتوو بووە. 

هەرچی خاڵە لاوازەكانی زورفییە، شمەری دەڵێت، ئەو پێویستی بە تیمێكی دانوستانكاری بەهێز هەیە كە بتوانن بیرۆكەكانی بە باشی و قبووڵكراوی بگەیەننە هێزە سیاسییەكان، جیا لە پێویستی بەدەستهێنانی كۆدەنگی ناوماڵی شیعە.

ئەو شارەزایە ستراتیجییە دووپاتی كردەوە كە دۆخی ئێستە سێ سیناریۆی لەپێشە، یەكەمیان و زیاترین پێشبینیكراو بەردەوامبوونی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدییە كە هادی عامری و نووری مالیكی پاڵپشتی دەكەن، دووەم خستنەڕووی كاندیدێكی تر و راسپاردنی، لاوازترین سیناریۆش سەرۆك كۆمار بۆستەكە بەڕێوە ببات تا كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوە جیا لە تێپەڕبوونی حكوومەتەكەی زورفی لەناو پەرلەمان كە ئەوكات عێراق دەكەوێتە ناو قۆناغ و دۆخێكی نوێوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل