بەهۆی بڕیارێكی پارێزگای دیالەوە كە رێگە نادرێت خۆراك و شمەكی ئێران بێتە دیالە و ناوچە كوردستانییەكان، قورسایی كەوتووەتە سەر پرد و رێگاوبانەكانی شارەدێی گولاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقین.
هەردی عەلی وەك شۆفێرێكی مەرزی پەروێزخان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، سەتان شۆفێری عەرەب كە كەلوپەل دەبەن بۆ دیالە و ناوڕاستی عێراق، لەبری رێگەی خانەقین رێگەی گولاڵە بەكاردێنن، چونكە رێگەی خانەقین داخراوە بە رووی باری بازرگانی شمەكی ئێرانی.
رێگەكانی ناوچەكە و پردەكانی ماندوون
لای خۆیەوە بەشیر عەبدوڵا ئەندامی كوردی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شارەوانی گولاڵە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، رێگەكانی ناوچەكە و پردەكانی ماندوون، بۆیە هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بۆ رێگری كردن لەتێپەڕینی شۆفێران بۆناو گولاڵە.
لای خۆیەوە یەعقووب یوسف بەرێوەبەری شارەدێی گولاڵە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، هێزە تەناهییەكانیان لەو حاڵەتە ئاگاداركردووەتەوە كە نابێ لە هیچ رێگایەكەوە خۆراك و شمەكی ئێرانی نەروات و لەجەلەولاوە بچێ،بۆیە پارێزگاریش بەڵێنیداوە هاوشێوەی رێگەكانی تر لەرێگەی جەلەولاوە رێگری بكات لەتێپەڕینی بارو شمەكی ئێرانی.
هاوكات یوسف ئیبراهیم بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامییەتی خانەقین، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پارێزگاری دیالە بڕیاریداوە لە سنووری خانەقین و شارەبانەوە هیچ خواردن و خۆراك و شمەكێكی ئێرانی هاوردەی ناوچە كوردستانییەكان و دیالە نەكرێت، بۆیە رێگەی كەلار بۆخانەقین و خانەقین بۆ شارەبان داخراوە.
لە ساڵی 2014دا بۆماوەی 100رۆژ شارەدێی گولاڵە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیركرابوو، پاشتر لە 23/11/2014 رزگار كرا، بەڵام لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەهۆی خیانەتی باڵێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كەوتە دەست میلشیاكانی حەشدی شەعبی و تا ئێستە ئەو شارەدێی كوردستانییە قوربانی یەكەمی هەموو گۆڕانكاریەكانە، گولاڵە تەواوی پرد و رێگاوبانەكانی زۆر وێرانەن و بەزیان مەندترین ناوچەی دەستی داعش هەژمار دەكرێ.
گەرمیان / سەبری هۆرێنی