لەوكاتەی ئێستە سەرانسەری دنیا رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتەوە كە هیچ چارەسەریەكی نییە جگە لە بەهێزیی سیستمی بەرگری لەش و پاكوخاوێنی و لەیەكتر دووركەوتنەوە، بۆیە توێژەران پێیان وایە كە زۆر خواردنی سوێری و پێڕەوكردنی سیتمێكی خۆراكی پڕ لە سوێری، دەبێتە هۆی لاوازكردنی سیستمی بەرگری لەش و بەوەیش توانای رووبەڕووبوونەوەی هۆكارەكانی نەخۆشی كەم دەبێتەوە.
هۆكاریشە بۆ تووشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن
توێژەرانی ئەڵمانیا لە زانكۆی بۆن پێیان وایە كە زۆر خواردنی سوێری، سیستمی بەرگری لەشمان لاواز دەكات، بەتایبەتی لە دژی هەوكردن و بەكتریا، توێژەران لە نەخۆشخانەی زانكۆكە سیستمێكی خۆراكی پڕ سوێریان بۆ مشكی تاقیگە فەراهەم كرد و بۆیان دەركەوت كە ئەوان بەو هۆیەوە تووشی هەوكردن و هێرشی بەكتریا بوونەتەوە.
دوای ئەوە تاقیكردنەوەكەیان لەسەر مرۆڤ ئەنجام دا و رۆژانە بڕی شەش گرام خوێی زیاتریان بەو كەسانە دا وەك دوو ژەمی فاست فوود و بۆیان دەركەوت كە ئەوان تووشی لاوازیی بەرگری لەش بوونەتەوە، بۆیە رێكخراوی تەندروستی جیهانی رێنوێنی كەسانی پێگەیشتوو دەكات بە وەرگرتنی رۆژانەی پێنج گرام یان كەوچكێكی بچووكی خوێ، كریستیان كۆرتس، توێژەر لە زانكۆی بۆن دەڵێت، توێژینەوەكەیان دەری خست كە زۆر خواردنی سوێری و خوێ بەشێكی گرنگی بەرگری لەش لاواز دەكات.