ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا لە عێراق زیاتر دەبێت

:: PM:10:45:28/03/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا بە خێرایی بەردەوامە و ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری 24 سەعاتی رابردووی راگەیاند، دوای ئەوە فەرمانگەی تەندروستی كەربەلا دووپاتی كردەوە كە 11 حاڵەتی نوێیان تۆمار كردووە و چەند حاڵەتێكی تریش تۆمار كران، بەوەیش ژمارەكە بۆ 526 تووشبوو زیادی كرد.
حاڵەتێكی زۆر پشكنینی بۆ نەكراوە و پابەندی بە رێنوێنییەكان لاوازە
فەرمانگەی تەندروستی كەربەلا ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە 11 حاڵەتی نوێی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كردووە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبووان لەو پارێزگایە گەیشتووەتە 41 حاڵەت و شەش حاڵەتی مردنیش هەیە.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 48 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و دوو مردن و نۆ چاكبوونەوە هەبووە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبوون 506 حاڵەت و مردنیش 40 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 131 حاڵەتە لە عێراق.

بە پێی دوایین ئاماری عێراق ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 526 حاڵەت و ژمارەی حاڵەتەكانی مردنیش 44 و 153 حاڵەتیش چاكبوونەتەوە، لەوكاتەی كۆی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون لە دنیا گەیشتووەتە 651655 و حاڵەتەكانی مردنیش بۆ 30303 و 139561 حاڵەتی چاكبوونەوەیش هەبووە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل