تەندروستیی سلێمانی لەسەر ئەو بنەمایە تووشبووانی كۆرۆنا دەنێرێتەوە ماڵەوە

:: PM:11:37:28/03/2020 ‌
لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێك لەو هاووڵاتییانەی تووشی كۆرۆنا بوون چاكبوونەتەوە، بەشێك لە تووشبووەكان تەنیا پێنج ڕۆژ لەژێر چاودێری پزیشكی بوون و دواتر رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" ئەوانەی تووشی كۆرۆنا دەبن، هەموو رۆژێك پشكنینیان بۆ دەكرێت ئەگەر لەو پشكنینانەی كە بۆی دەكرێت دوو پشكنینی بەسەر یەكەوە نێگەتیڤ بوو واتە ڤایرۆسەكە لە لەشی نەمابوو كەسە رەوانەی ماڵەوە دەكرێتەوە.

هەموو تووشبووێكی كۆرۆنا دەبێت 14 رۆژ لەژێر چاودێری بێ‌
ئەمڕۆ شەموو 28ی ئادار، هێرش سەلیم  جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەشێك لەو هاووڵاتییانەی كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و دواتر چاكبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.

روونیشی كردەوە كە ئەوانەی كە چەند رۆژێكی كەمیان پێ چووە، شتێكی ئاساییە، چونكە ئەوكاتەی ڤایرۆسەكە لە لەشیان دەستنیشان كراوە و دەركەوتووە تووشی كۆرۆنا بوون، دەكرێت پێش ئەوەی بە هەفتەیەك بۆ 10 رۆژ پێشتر تووشبوبێت و دواتر زانرابێ‌.

لای خۆیەوە كامەران قەرەداغی، پزیشكی پسپۆڕی هەناسەدان و سنگ بە "وشە"ی راگەیاند، پێویستە هاووڵاتیی لەوە تێبگات كە كاتێك كەسێك تووشی كۆرۆنا دەبێت لە یەكەم پشكنینی دەردەكەوێت ڤایرۆسەكە لە لەشیدا هەیە، دوای ئەوەی پێویستە دوو پشكنین بە دوای یەكدا هەردووكی نێگەتیڤ بێت.

ئەوەیشی خستە ڕوو، هەموو تووشبووێكی كۆرۆنا دەبێت 14 رۆژ لەژێر چاودێری بێ‌، هەیە لە 10 یەم رۆژی تووشبووی بە كۆرۆنا نەخۆشییەكەی لێ‌ دەست نیشان دەكرێ‌.

حاجی سالار مەجید، یەكێك لەو هاووڵاتییانە بوو لە رۆژی 21ی ئەم مانگە لە نەخۆشخانە دەركەوت تووشی كۆرۆنا بووە، بەڵام تەنیا دوای پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە 26ی مانگ گەرایەوە ناو ماڵ و كەسوكاری.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم