لە كانوونی یەكەمی رابردوو شاری ووهان لە هەرێمی هۆبی لە ناوەڕاستی چین بووە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی مەترسیدارترین ڤایرۆس كە تا ئێستەیش لە سەرانسەری دنیا سەتان كەس دەكاتە قوربانی، كەچی ئەمڕۆ دوای داخستنی بۆ چەند مانگێك خەریكە بەرە بەرە ژیان تیایدا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
چین بەرەو سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا هەنگاو دەنێت
ئەمڕۆ لە
ووهان خزمەتگوزاری میترۆ بە رێژەیەكی سنووردار بەردەست بوو و سنوورەكان كرانەوە و ئەوەیش رێگەی دا بە ئاساییبوونەوەی بەشێك لە ژیانی رۆژانەی شارەكە لە دوای داخستن و دابڕانێكی توند و تەواوی شارەكە و دابڕینی لە ناوچەكانیتری چین و دنیا، بۆیە ئەو كرانەوەی ووهان كە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە، دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخان لە رووبەڕووبوونەوەی چین بۆ ڤایرۆسەكە، كە لەو ساتەوە تا ئێستە بۆ زیاتر لە 200 دەوڵەت پەلی هاوێشتووە.
بەیانی ئەمڕۆ شەموو لە ووهان رێگە بە هاتنەژوورەوەی شەمەندەفەر و گەڕانەوەی ئامرازەكانی تری هاتوچۆ بۆ كاركردن درا، بەمەبەستی هێنانەوەی ئەوانەی لە دەرەوەی شارەكە گیریان خواردووە بۆ دیدار و بینینی كەسوكاریان لە ناو شارەكەدا، كە پێشتر دەسەڵاتدارانی چین رێوشوێنی توندیان وەرگرت بۆ دابڕینی ئەو شارە 11 ملیۆن كەسییە، لەوكاتەی لیژنەی پزیشكی نیشتمانی چین دوێنێ هەینی تۆماركردنی 54 حاڵەتی نوێی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند كە هەر هەموویان بۆ كەسانی گەڕاوەن لە دەرەوەی چین.
ووهان خەریكە تای كۆڤێد19 بەردەدات، بەڵام ئەو شارە 11 ملیۆنییە ترسی پەتاكە بە ئاسانی خەیاڵی چۆڵ ناكات كە تا ئێستە هۆكار و چارەسەری پەتاكە نەدۆزراوەتەوە، بۆیەیش تا ئێستە ژیان لە ووهان دوورە لە دۆخی تەواو ئاسایی خۆی و زۆرینەی ماركێت و دوكانەكان داخراون و بەربەستەكانی سەر رێگە هەر ماون و دەسەڵاتدارانی چین تا 8ی نیسانی داهاتوو رێگە بە رۆیشتنی خەڵكەكە بۆ دەرەوەی ئەو شارە نادەن.