بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ دەدرێت

:: AM:09:40:29/03/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی نێوان وەزیری ناوخۆ و پارێزگاكان بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 29ـی ئادار، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بڕیارە وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی ئۆنڵاین لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك سەرپەرشتیاری ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بكات، بەمەبەستی درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ.

هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی شارەكان دەكەن
ئەو كۆبوونەوەیە پشت بە راپۆرتی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگاكان دەبەستێت كە هەریەكە بە جیا كۆ ببنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی شارەكان دەكەن.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپراسیۆنەكان سەعات 11 بەڕێوە دەچێت و پێشنیاری خۆیان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ ئامادە دەكەن.

دوێنێ‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری درێژكردنەوەی پشووی بەهارەی دا تا 16ـی نیسان، ئەوەیش بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دوێنێ‌ وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك نووسیویەتی، بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینكردنی بەركەوتووان، بە هەزاران هاووڵاتی پاراستووە لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.



وشە - رامیار جەواد