ئه‌مڕۆ 73 ساڵ به‌سه‌ر له سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د سه‌رۆك كۆماری كوردستان و سه‌یف و سه‌دری قازی‌دا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و رۆژه‌ی پێشه‌وا خۆی به چه‌كه‌ره‌كردنی بیر و ئه‌ندێشه‌كانی وه‌سفی ده‌كات.
ھه‌ر كوردێك به ئاره‌زووی خۆی له‌سه‌ر ھه‌ر بسته خاكی كوردستاندا ده‌توانێ بژی
رووخانی كۆماری كوردستان و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی پێشه‌وا یه‌ك له رووداوه هه‌ره دیاره‌كانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستیی كورده كه دوای 73 ساڵ نه‌وه له‌دوای نه‌وه له یادیاندا هه‌ڵیده‌گرن.
پێشه‌وا رێی به هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له نێوان كورد و سوپای په‌هله‌وی نه‌دا، سوپای تاران چه‌ند رۆژ به‌ر له هێرشیان به‌ره‌و مهاباد له كۆماری ئازه‌ربایجان له ته‌ورێز كوشتوبڕی خه‌ڵكی مه‌ده‌نییان كردبوو و زیاد له دوو هه‌زار هاووڵاتییان له‌و شاره كوشتبوو.
قازی محه‌مه‌د ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر من خۆم به ده‌سته‌وه بده‌م، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كۆماری ئازه‌ربایجان دووباره نابێته‌وه و من نامه‌وێ بۆ چركه‌یه‌كیش ده‌ستبه‌رداری خه‌ڵكه‌كه‌م بم، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، نایه‌وێ بۆ چركه‌یه‌كیش بێت له پێناو پاراستنی گیانی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و سوێندانه بێت كه له‌كاتی بوون به سه‌رۆك كۆماردا خواردوویه‌تی.
رۆژی 20ی سه‌رماوه‌زی 1946 سوپای ئێران گه‌یشته ده‌روازه‌ی شاری ته‌ورێز كه هاوكات له‌گه‌ڵ كۆماری كوردستان، كۆماری ئازه‌ربایجانیان لێ دامه‌زراندبوو، رۆژیك دوای گه‌مارۆدانه‌كه‌ی ته‌ورێز، جه‌عفه‌ر پیشه‌وه‌ری سه‌رۆك كۆماری ئازه‌ربایجان به‌ره‌و سۆڤیه‌ت رای كرد و سوپا چووه ناو شار و زیاد له دوو هه‌زار هاووڵاتیی سڤیلی كوشتوبڕ كرد.
له‌دوای ته‌ورێز سوپای ئێران ھێزێكی نوێی له ڕێی قه‌زوێن بۆ سه‌قز نارد كه له 20ی سه‌رماوه‌ز گه‌یشتنه سه‌قز و له ڕێی بۆكان به یارمه‌تی ھه‌ندێك له كورده‌كانی سه‌ر به حكوومه‌تی شا، ڕێی مه‌ھابادیان گرته‌به‌ر. پێشه‌وا فه‌رمانی دا تا ده‌كرێ خۆ له شه‌ڕ بپارێزن.
سوپای تاران ڕۆژی 29ی سه‌رماوه‌ز ده‌گاته مھابادی پایه‌ته‌ختی كۆماری كوردستان، پێشه‌وا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ته‌ورێز له مهاباد دووباره نه‌بێته‌وه و هاووڵاتییان نه‌كه‌ونه به‌ر هێرشی سوپای ناوه‌ند، هه‌رچه‌ند له‌لایه‌ن سۆڤییه‌ته‌وه داوای لێ كرابوو بچێته مۆسكۆ، به‌ڵام قبووڵی نه‌كرد و رای گه‌یاند، ئه‌گه‌ر من خۆم راده‌ست بكه‌م، سوپا هێرش ناكاته سه‌ر هاووڵاتییان و به‌ره‌و ده‌روازه‌ی شار رۆیی و له‌گه‌ڵ سه‌یفی قازی و سه‌دری قازی خۆیان راده‌ستی ناوه‌ند كرد.
رۆژی شه‌شی ڕێبه‌ندانی 1947 لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رھه‌نگ ڕه‌زا ده‌گه‌نه مھاباد و دادگاییه‌ك بۆ پێشه‌وا و هاوڕێكانی پێك ده‌هێنن. ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خرابوونه پاڵ پێشه‌وا و سه‌یفی قازی و سه‌دری قازی، بریتین بوو له:
- گۆڕین و ده‌ستكاریكردنی نه‌خشه‌ی ئێران.
- ھێنانی هێزی بێگانه و خستنه به‌رده‌ستی به‌شێك له خاكی ئێران.
- دانانی ئاڵای جیاواز بۆ كوردستان به نیشانی چه‌كوش و داس به‌شێوه‌ی ئاڵای سۆڤیه‌ت.
- لێدانی سكه‌ی پاره بۆ كۆردستان به وێنه‌ی ڕووپیه‌ی ڕووسی.
- ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و داگیركردنی به‌شێك له خاكی ئێران به ناوی كوردستان.
- بازرگانیكردنی نه‌وت له‌گه‌ڵ سۆڤیه‌ت به بێ ئاگاداری و ڕه‌زامه‌ندی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی.
- دروستكردنی نه‌خشه‌ی كوردستانی گه‌وره به لكاندنی كوردستانی ئێران، عێراق، توركیا و سووریا.
قازی محه‌مه‌د ھه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و له وه‌ڵامدا رای گه‌یاند، ئاڵام داناوه به‌ڵام نه‌ك ئه‌و ئاڵایه‌ی ئێوه ده‌ڵێن له ئاڵای سۆڤیه‌ت ده‌چێت. له‌باره‌ی مسته‌فا بارزانی، ئه‌و بۆ خۆی ھاتووه‌ته مه‌ھاباد و كه‌س نه‌یھێناوه، ئه‌و كورده و كوردستان ماڵی ھه‌موو كوردێكه و ھه‌ر كوردێك به ئاره‌زووی خۆی له‌سه‌ر ھه‌ر بسته خاكی كوردستاندا ده‌توانێ بژی.
دادگا بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ پێشه‌وا و سه‌در و سه‌یفی قازی ده‌ركرد و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له گرتووخانه‌دا هێشتیاننه‌وه و جارێكی تر دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه بڕیاری دا دادگایی بكرێنه‌وه كه له‌و دادگاییه‌یشدا سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پا.
پێشه‌وا له هه‌ردوو دادگاییكردنه‌كه‌دا زیاتر له چوار سه‌عات قسه‌ی كردووه و به گوته‌ی "سه‌روان شه‌ریفی" پارێزه‌ری پێشه‌وا، ئه‌وه قازی محه‌مه‌د بووه كه حكوومه‌تی دادگایی ده‌كرد و له ھه‌موو بوارێكه‌وه خستبونییه ژێر پرسیاره‌وه.
نه‌جه‌فقولی په‌سیان گوته‌كانی پێشه‌وا له چه‌ند رسته‌دا كورت ده‌كاته‌وه و ده‌نووسێ، له كاتی دادگاییكردنه‌كه‌دا قازی محه‌مه‌د هێرشی ده‌كرده سه‌ر سیاسه‌ت و ئاكاری ده‌وڵه‌تی تاران و ده‌یگوت، "من له قوژبنی گرتووخانه‌وه ده‌نگی خۆم له دژی ده‌وڵه‌تی تاران و سه‌رۆكه‌كانی به‌رز ده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم، تاوانبار ئێوه‌ن نه‌ك ئێمه، ئێوه وڵاتتان لێ داگیر كردووین".
رۆژنامه‌نووسێك به‌ناوی سلێمان. خ كه له دادگاییه‌كه‌دا ئاماده بووه، له نووسینێكدا ئاماژه‌ی داوه، قازی محه‌مه‌د گوتی، "ته‌واوی ئه‌م به‌سه‌رھات و ڕووداوانه ئاكامی سیاسه‌تی داگیركه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌ته. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ته‌واوی كوردان به خائین ده‌زانێ با ده‌ست له‌و مه‌ڵبه‌نده ھه‌ڵبگرێ، ئه‌گه‌ر به نیشتمانپه‌روه‌ریشیان ده‌زانێ با لێ بگه‌ڕێ خۆیان كاروباری خۆیان بگرنه ده‌ست".
كاتێك دادوه‌ره‌كه پێشه‌وا و هاوڕێیانی به ناپاك تاوانبار ده‌كات، له وه‌ڵامدا پێشه‌وا ده‌ڵێ، ئێره ماڵی منه، خاكی كوردستان خاكی باب و باپیر و ئه‌جدادی منه، چۆن ده‌توانم ده‌ستی لێ ھه‌ڵگرم.
دادگایی یه‌كه‌م له 19ی حوزه‌یران ده‌ستی پێ كرد و چه‌ند رۆژی خایه‌ند و سزای له سێداره‌دانی بۆ قازییه‌كان ده‌ركرد. دادگایی دووه‌م له 28ی ئادار/مارسی 1947 ده‌ستی پێ كرد و سێ رۆژی خایه‌ند.
له به‌ره‌به‌یانی 10ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی 1326ی ھه‌تاوی "30ی مارسی 1947" پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و حه‌مه‌حوسێن خانی سه‌یفی قازی ئامۆزای پێشه‌وا و ئه‌بولقاسم سه‌دری قازی برای پێشه‌وا، له چوارچرای مھاباد، ھه‌ر له‌و شوێنه‌ی كۆماری كوردستانیان لێ راگه‌یاند، له سێداره دران.
رۆژنامه‌نووسێكی ده‌رباری شای ئێران ده‌نووسێ له‌كاتی له‌سێداره‌دانه‌كه پێشانی ده‌دات كه سه‌رۆك كۆماری كوردستان چه‌نده باوه‌ڕی به‌و به‌هایانه هه‌یه كه ده‌وڵه‌تی كوردستانی له‌سه‌ر دامه‌زراندووه.
قازی محه‌مه‌د داوا ده‌كات تیربارانی بكه‌ن، به‌ڵام داواكارییه‌كه‌ی وه‌رناگیرێت. دواتر وه‌سیه‌تنامه‌یه‌ك ده‌نووسێت كه له‌ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقییه‌وه په‌یامی زۆر به‌هێزی تێدا به‌دی ده‌كرێت.
له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا پێشه‌وا ئه‌و مردنه به سه‌ركه‌وتن ده‌زانێت، بۆیه به حه‌وت ھه‌نگاو به‌ره‌و سێداره‌كه رۆیشت و له‌ژێر سێداره‌كه‌دا نه‌یهێشت چاوه‌كانی ببه‌ستن و گوتی، حه‌ز ده‌كه‌م له ئاخرین چركه‌ی ژیانیشم به سه‌ربه‌رزی و چاوی كراوه‌وه له نیشتمانی خۆشه‌ویستم بڕوانم.
روو له نوێنه‌رانی شا ده‌كات و پێیان ده‌ڵێ، ئێوه قازی محه‌مه‌دێك ده‌كوژن، به‌ڵام بزانن له ھه‌ر تنۆكه خوێنێكی من، قازی محه‌مه‌دێكی تر شین ده‌بێته‌وه. داوا له گه‌لی كورد ده‌كه‌م خه‌باتی خۆی له پێناو ڕزگاریی كوردستاندا په‌ك نه‌خات، باوه‌ڕ به ده‌وڵه‌تی خۆفرۆشی تاران مه‌كه‌ن. بژی كورد و كوردستان.