كچانی بەغدا چی بە پێشمەرگە دەڵێن؟

:: AM:09:43:18/10/2016 ‌

لە پارچە ڤیدیۆیەكی تۆماركراودا كە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوبووەتەوە لە ئەنجامی هێرش و پێشڕەوی و نەبەردییەكانی دوێنێ دووشەمی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دوو كچی عەرەب لە بەغداوە پەیام بۆ پێشمەرگە و ئاسایش دەنێرن.

ئەو دوو كچە كە ڤیدیۆی خۆیان تۆماركردووە و بە سترانەوە باس لە بەهێزی و نەبەردی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەن و دەڵێن " خوا پێشمەرگە و ئاسایش بپارێزی، بۆ قڕكردنی داعش.

ئەوان بە داعش دەڵێن، نزیك مەبەوە لە كوردستان و عێراق، كوردستان هێڵی سوورە، دواتر دەڵێن داعش لە كوێ لە هەموو لاوە دەورە دراوی بۆ قڕكردنت.

ئەو كچانەی بەغداد ئاڵایەكی كوردستانیان بەدەستەوەیە و بە شانازییەوە باسی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەن.

دوێنێ دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە یەكەم هێرشی پرۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ توانیان نۆ گوند لە دەست تیرۆریستان ڕزگار بكەنەوە و گورزی كەمەرشكێنیش لە تیرۆریستان بوەشێنن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د