بابه‌تى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق، نیگه‌رانى له‌لاى عێراقییه‌كان زیاد كردووه، چونكه له‌لایه‌ك وه‌ك ئاماژه‌یه‌كى سه‌ره‌تایى ده‌بێت بۆ هێرشێكى سه‌ربازى بۆ سه‌ر میلیشیاكانى عێراق، له‌لایه‌كى تریش هه‌ندێك له بنكه سه‌ربازییه‌كان تایبه‌تمه‌ندى خۆیان هه‌یه و ته‌نیا به هێزه عێراقییه‌كان به‌ڕێوه ناچن.
جموجۆڵى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌م چه‌ند هه‌فته‌ی دواییدا، گومانێكى زۆرى دروست كردووه، چونكه وێراى ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكییه‌كان له هه‌ندێك بنكه ده‌كشێنه‌وه، له راگه‌یه‌نراوه فه‌رمییه‌كانیش كه به ناوى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له دژى رێكخراوى تیرۆریستى داعش بڵاو ده‌كرێنه‌وه، دووپات له‌سه‌ر ته‌واونه‌بوونى ئه‌ركه‌كانیان ده‌كرێته‌وه.
عێراق ناتوانێت هه‌ندێك له سه‌ربازگه‌كانى به ته‌نیا به‌ڕێوه ببات
له‌و كاته‌دا ئه‌وه‌ى نیگه‌رانى لایه‌نه عێراقییه‌كان زیاتر ده‌كات، ئه‌و راپۆرتانه‌ن كه له میدیاكانى ئه‌مه‌ریكا بڵاو ده‌كرێنه‌وه و باس له‌وه ده‌كه‌ن دوو هه‌فته‌یه بابه‌تى هێرشكردنه سه‌ر میلیشیاكانى عێراق له كۆشكى سپى تاوتوێ ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له به‌رپرسانى باڵاى ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ رازى بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى هێرشى سه‌ربازى بكرێته سه‌ر ئه‌و میلیشیانه‌ى كه ته‌نیا ئه‌مساڵ زیاتر له ده‌یان جار هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر سه‌ربازگه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
كه‌چى هه‌ر له‌م كاته‌دا ئه‌مه‌ریكا سه‌ربازگه‌كانى له عێراق چۆڵ ده‌كات و ڕاده‌ستى هێزه عێراقییه‌كانیان ده‌كاته‌وه. بابه‌تى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق له سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌دا له‌لایه‌ن ئاژانسه رۆژنامه‌وانییه‌كان ئاشكرا كرا، به‌ڵام سه‌ره‌تا ته‌نیا باس له‌وه كرا هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له كۆى هه‌شت سه‌ربازگه له عێراق له سێ سه‌ربازگه ده‌كشێنه‌وه.
جیا له سه‌ربازگه‌ى قائیم له‌سه‌ر سنوورى عێراق و سووریا، دوو سه‌ربازگه‌كه‌ى تر دیار نه‌بوو كه ئه‌مه‌ریكا بڕیارى كشانه‌وه‌ى لێیان داوه. له كۆتایى هه‌فته‌ى رابردوو هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له سه‌ربازگه‌ى گه‌یاره له باشوورى مووسڵ كشانه‌وه و بڕیاره ئه‌مڕۆیش له سه‌ربازگه‌ى كه‌ى وه‌ن له كه‌ركووك بكشێنه‌وه، به‌ڵام ئایا كشانه‌وه‌كه لێره‌دا ده‌وه‌ستێ و ته‌نیا ئه‌و سێ سه‌ربازگه‌یه ده‌بێت كه پێشتر ئاماژه‌یان بۆ كرا بوو؟
به‌گوێره‌ى هه‌ندێك زانیارى كه له‌لایه‌ن چه‌ند میدیایه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكا له چه‌ند سه‌ربازگه‌یه‌كى تر ده‌كشێنه‌وه. له‌وانه رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" باسى له‌وه كردووه بڕیاره ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانى له هه‌ر یه‌كه له سه‌ربازگه‌ى تاجى كه 25 كیلۆمه‌تر له باكورى به‌غدا دووره و له بنكه‌ى به‌سمایه كه 18 كیلۆمه‌تر له باشوورى به‌غداوه دووره بكشێنه‌وه.
سه‌رچاوه عێراقییه‌كان بۆ رۆژنامه‌كه باسیان له‌وه كردووه، كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته به‌گوێره‌ى ئه‌و پلانه بووه كه له نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه. ئه‌و سه‌رچاوه سه‌ربازییانه كه ناویان ئاشكرا نه‌كراوه، دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه ته‌واو ئه‌و شوێنانه‌ى كه بڕیارى كشانه‌وه‌یان له‌سه‌ر دراوه له لایه‌ن خودى ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ستنیشان كراون.
له‌ڕووى راگه‌یاندنه‌وه به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا باس له چه‌ند هۆكارێك ده‌كه‌ن، له‌وانه به‌هۆى لاوازبوونى رێكخراوى تیرۆریستى داعش، پێویستییان به زۆرێك له‌و سه‌ربازگانه نه‌ماوه، هۆكارێكى تر پێوه‌ندى به پاراستنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكاوه هه‌یه له به‌رانبه‌ر هێرشه مووشه‌كییه‌كان، هۆكارێكى تریش پێوه‌ندى به په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆناوه هه‌یه.
به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى هێرشكردنه سه‌ر میلیشیاكانى عێراق، له لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌مریكاوه وا ده‌كات زۆر متمانه به‌و هۆكارانه‌ى سه‌ره‌وه نه‌كرێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك لایه‌نى شیعه داوا له په‌رله‌مان ده‌كه‌ن دانیشتنێكى نائاسایى تایبه‌ت به ده‌نگۆى هێرشكردنه سه‌ر میلیشیاكان بكات.
حامد مووسه‌وى په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى فه‌تح ئه‌مڕۆ له راگه‌یه‌نراوێكدا كه له ماڵپه‌رى
به‌غداد توده‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه، داوا له په‌رله‌مان ده‌كات دانیشتنێكى تایبه‌ت بكات و هه‌روه‌ها داواكه‌ى ئاراسته‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدیش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى به په‌له قسه له‌گه‌ڵ لایه‌نى ئه‌مه‌ریكى بكات سه‌باره‌ت به هێرشكردنه سه‌ر میلیشیاكانى عێراق.
گومان ده‌كرێت چۆڵكردنى سه‌ربازگه‌كانى ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوى یه‌كه‌مى لێدانى میلیشیاكان بێت
وه‌ك تێبینى ده‌كرێت مه‌ترسى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن عێراقییه‌كانه‌وه، پێوه‌ندى به هه‌ڕه‌شه‌كانى رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه نییه، هه‌رچه‌نده شاره‌زاییانى ته‌ناهى چه‌ندان جار دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، ئێسته داعش تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه هه‌ڕه‌شه له ناوچه‌كه دروست بكات.
به‌ڵكو عێراقییه‌كان له‌وه ده‌ترسن، كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریك هه‌نگاوى یه‌كه‌م بێت بۆ خۆ ئاماده‌كردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ لێدانى میلیشیاكانى عێراق. مه‌ترسییه‌كانى تریش ئه‌وه‌یه هه‌ندێك له سه‌ربازگه‌كان تایبه‌تمه‌ندى خۆیان هه‌یه، ته‌نیا به هێزه‌كانى عێراق به‌ڕێوه ناچن.
به‌ڵام وه‌ك تێبینى ده‌كرێت ئه‌م مه‌ترسییه زیاتر له لایه‌ن به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كان هه‌یه، له راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى
عه‌ره‌بى جه‌دید هاتووه، عێراق زۆر له‌وه نییگه‌رانه هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له بنكه‌ى ئاسمانى به‌له‌د بكشێته‌وه كه ده‌كه‌وێته پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، چونكه له‌وێ هێزێكى ئه‌ندازیار و ته‌كنیكى ئه‌مه‌ریكى هه‌یه، كارى چاككردنه‌وه‌ى فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى عێراق ده‌كه‌ن كه له جۆرى "ئێف 16"ن، چونكه هێشتا كادیرانى ته‌كنیكى و ئه‌ندازیارى عێراق توانای ئاماده‌كردن و چاككردنه‌وه‌ى پۆله فڕۆكه‌ى ئێف 16 یان نییه.