وەزارەتی ناوخۆ هۆشدارى ده‌دات

:: PM:08:12:29/03/2020 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمى كوردستان ڕاى گه‌یاندووه‌، "چەند كەسێك هەوڵی ئەنجامدانی گردبوونەوە و خۆپێشاندان دەدەن، هەندێك لایەنیش دەیانەوێت بۆ مەبەستی خۆیان دۆخەكە بقۆزنەوە".

هۆشدارییه‌كی توند ده‌ده‌ینه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ئاشكرا داوای سه‌رپێچیكردنی یاسا و رێنماییه‌كان ده‌كه‌ن
كه‌مێك پێش ئێسته‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ "وشه‌" ناردووه‌ ڕاى گه‌یاندووه‌، "هۆشداری ده‌ده‌ین له‌ باره‌ی سه‌رپێچیكردن له‌ بڕیار و ڕێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ خۆپارێزی له‌ په‌تای كۆرۆنا، ئێمه‌ لێره‌دا هۆشدارییه‌كی توند ده‌ده‌ینه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ئاشكرا داوای سه‌رپێچیكردنی یاسا و رێنماییه‌كان ده‌كه‌ن."

ڕوون كراوه‌ته‌وه‌، "بەداخەوە لەم چەند رۆژەدا خەڵكانێكی نابەرپرس بە ئاشكرا داوای سەرپێچیكردنی یاسا پابەندنەبوون بە رێكار و ڕێنوێنییە تەندروستییەكان دەكەن و هانی خەڵكی دەدەن بۆ خۆپێشاندان و گردبوونەوە و دەیانەوێت بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەرژەوەندی گشتی ڕووبەڕووی مەترسی بكەنەوە و ئەمە هەوڵێكە بۆ بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تاوانێكە بەرانبەر خەڵكی كوردستان"

وەزارەتی ناوخۆ ئاشكرای کردووە، "لێرەوە هۆشدارییەكی توند دەدەینە هەمو ئەوانەی بە ئاشكرا داوای سەرپێچیكردنی یاسا و رێنماییەكان دەكەن و كە هەر سەرپێچی و پێشێلكاری و گردبونەوەیەك ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزای یاساییان دەكه‌ینه‌وه‌، چونكە بەمكارەیان تەندروستی خەڵك و بەرژەوەندی گشتی دووچاری مەترسیەكی زۆر دەكەنەوە".

لە كۆتاییدا ده‌ڵێت، هاووڵاتییان هەرێم دڵنیا دەكەینەوە كە حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێك دەخاتەگەر بۆ پاراستنیان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، ڕێش بە خەڵكی ئاژاوەگێڕ و سەرپێچیكار نادات دۆخی هەرێمی كوردستان بشێوێنێت."




وشە - محەمەد میران