هه‌سه‌ده راى گه‌یاند هه‌رچه‌نده یاخیبوونه‌كه‌ى گرتووخانه‌ى حه‌سه‌كه كۆتایى پێهاتووه، به‌ڵام ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى ڕیشه‌یى بۆ كێشه‌ى گیراوه‌كانى داعش بدۆزێته‌وه، كه بووه‌ته كێشه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى.
به‌گوێره‌ى راپۆرێكى ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى
"ئه‌لعه‌ره‌بییه" كه ئه‌مڕۆ سێشه‌م 31ى ئادار بڵاوكراوه‌ته‌وه، بارودۆخى ناو گرتووخانه‌ى حه‌سه‌كه كۆنتڕۆڵ كراوه‌ته‌وه.
هه‌سه‌ده: ده‌بێت هاوپه‌یمانان كێشه‌ى گیراوه‌كانى داعش چاره‌سه‌ر بكه‌ن
ئێواره‌ى رۆژى یه‌كشه‌مى رابردوو ئاژاوه‌یه‌ك له نێو گرتووخانه‌ى حه‌سه‌كه دروست بوو، له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ى كه به تۆمه‌تى بوونى پێوه‌ندى به رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه گیراون. هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات كه به "هه‌سه‌ده" ناسراون، رووداوه‌كه‌یان به یاخیبوون وه‌سف كرد و ئاشكراشیان كرد چه‌ندان تیرۆرستى داعش رایانكردووه.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى ماڵپه‌ڕى "ئه‌لعه‌ره‌بییه" ئه‌مڕۆ بڵاوى كردووه‌ته‌وه، ئێواره‌ى دوێنێ هێزه‌كانى هه‌سه‌ده توانیویانه بارودۆخى ناو گرتووخانه‌كه كۆنتڕۆل بكه‌نه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رپرسانى هه‌سه‌ده، ئه‌مه به چاره‌سه‌ریى نازانن و له دۆخى گرتووخانه‌كانى رۆژئاواى كوردستان نیگه‌رانن.
ماڵپه‌ڕه‌كه ئاماژه‌ى بۆ په‌یامێكى مه‌زڵووم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده كردووه كه گوتوویه‌تى توانیومانه كۆتایى به یاخیبوونى ناو گرتووخانه‌كه‌مان بهێنین، دواتریش هه‌ر له په‌یامه‌كه‌ى مه‌زڵووم عه‌بدى ده‌ڵێ، "ده‌بێت هاوپه‌یمانانمان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئاستى كاره‌كایان به‌رز بكه‌نه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى ریشه‌یى بۆ ئه‌م كێشه نێوده‌وڵییه".
دواى نه‌مانى ده‌سه‌ڵاتى رێكخراوى تیرۆریستى داعش، به ده‌یان هه‌زار كه‌س له تیرۆریستان و كه‌سوكاره‌كانیان له گرتووخانه و كه‌مپه‌كانى رۆژئاواى كوردستان راگیراون، كه زۆربه‌یان بیانیین.
پێشتر دۆناڵد تره‌مپ چه‌ند جارێك هۆشدارى داوه‌ته وڵاتان له‌وه‌ى ئه‌م گیراوانه هه‌ڕه‌شه‌ى به‌رده‌وامن، بۆیه ده‌بێت په‌له بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى بۆ وڵاتانى خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه و له‌وێ دادگایى بكرێن.