تەندروستی هەولێر ژمارەی ئامێرەكانی هەناسەی دەستكردی ئاشكرا كرد

:: PM:01:26:31/03/2020 ‌

 

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاشكرای دەكات، لەلایەن كەسانی خێرخواز و سەرمایەداران لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان حەوت ئامێری هەناسەدانی دەستكردمان بۆ دابین كراوە.

ئێستە 47 ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەن
ئەمڕۆ سێشەم 31ـی ئادار، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بەشێوەیەكی گشتی لە هەولێر 40 ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەن، بەڵام بەو حەوت ئامێرەی ئەمڕۆ بۆمان دابین كرا، ئێستە 47 ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەن.

تووشبووانی پەتای كۆرۆنا نیوەی پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد دەبێت
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر گوتی، ئامێری هەناسەدان بۆ ئێمە گرنگە، چونكە بەپێی داتا زانستییەكان تووشبووانی پەتای كۆرۆنا نیوەی پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد دەبێت.

باسی لەوەش كرد، ژمارەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە خراپترین دۆخدا بگاتە هەزار تووشبووش، ئەوا كێشەی كەمیی ئامێرەكە دروست نابێت، چونكە سەرجەمی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد نابێت.

لەبارەی كوالێتی ئامێرەكان ڕوونی كردەوە، ئەو ئامێرانە هێنراون گرەنتییان لەگەڵدایە و پشكنینیان بۆ كراوە و ئامێری باشن.


 



وشە - رامیار جەواد