ئەمەریكا پاڵپشتی خۆی بۆ ڕێكارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی

:: PM:02:24:31/03/2020 ‌
كۆنسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی پێشان دا و لەبارەی رێكارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ: مانەوە لە ماڵەوە باشترین خۆپارێزییە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كارمەندە تەندروستییەكان و كارمەندەكانی هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە
ئەمڕۆ سێشەم 31ـی ئادار، كۆنسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر پەیامێكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا دەڵێ: خۆپاراستن باشترە لە چاكبوونەوە، مانەوە لە ماڵەوە یارمەتی پاراستنی خۆت و خێزانەكەت و كارمەندە تەندروستییەكان و كارمەندەكانی هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە و رێگری لە خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدات.

هەروەها تێیدا هاتووە، ئێمە خۆشحاڵین كە دەبیستین خەڵك وەڵامدانەوەیەكی ئەرێنییان هەیە بۆ رێكارە پێشگیرییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی گشتی.

كۆنسوڵگەی ئەمەریكا لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاشتاگی بۆ داواكاری "لە ماڵ بمێنەوە" بەكار هێناوە و بەو شێوەیە پشتیوانی خۆی بۆ رێكارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەربڕیوە.

لە هەرێمی كوردستان تا ئێستە 162 تووشبوو هەیە كە دوو كەس گیانیان لە دەست داوە و 57 كەس چاك بوونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد