لە پاككردنەوەی مزگەوتەوە بۆ شەڵتەری ژنان
رووناك لە پەنجەرەی شەڵتەری داڵدەدانی ژنانەوە رووناكی دەبینێت

:: AM:08:50:04/02/2017 ‌

رۆژانی دووشەم و پێنجشەم كاتێك مزگەوت چۆڵ دەبوو، مزگەوتەكەی پاك دەكردەوە، لە رێگەی چوون و هاتنی بۆ مزگەوت، كوڕێكی رێبوار دەناسێت، ئەو كوڕە دەبێت بەخۆشەویستی، بەڵام خۆشەویسترین كەس و شتەكانی ژیانی و كچێنیشی دەبات.

رووناك، ئەو كچەیە كە لە گوندێكی دوور لە شاری هەولێر دەژیا، كوڕێكی رێبوار كە چەند جارێك دەچێت بۆ ئەو گوندە، رووناك دەبینێت و نواندنی خۆشەویستی بۆ دەكات، رووناكیش دەكەوێتە داوی خۆشەویستی رێبازەوە و چیرۆكی خۆشەویستییەكەی دەیگەیەنێت بە شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتان.
رووناك كچێكی شەرمن و كەمدووە، كاتێك دەیویست باسی چیرۆكەكەی بكات، سەری دەخستەوە بەرخۆیی و دەستەكانی بە لەچك و ماكسییەكەیەوە خەریك دەكرد، دواتر ئاوا دەستی پێ كرد، "باوكم بانگبێژی مزگەوت بوو، من و براكەشم هەریەكەمان هەفتەی دوو رۆژ مزگەوتمان پاك دەكردەوە، جارێكیان لە مزگەوتەوە دەگەڕامەوە ماڵەوە، كوڕێكی جوانم بینی، سڵاوی كرد و داوای ناونیشانی كرد، منیش وەڵامم دایەوە، ئەو زۆر قسەی كرد، بەڵام من لە شەرمان زۆر تێنەگەیشتم، دواتر چەند جارێكی تر بینیم تا جارێكیان لە نزیك ماڵی خۆمان هاتە بەردەمم و زەرفێكی دامێ، منیش لە ترسان وەرمگرت بۆ ئەوەی كەس نەمانبینێ و ئەو بڕوات، دواتر لە ماڵەوە كردمەوە مۆبایل بوو، دوای دوو رۆژ پێوەندیم پێوە كرد".
پێوەندی خۆشەویستی رووناك و رێباز لە دوای چەند پێوەندییەكی تەلەفۆنییەوە دروست دەبێت، دوای چەند مانگێك لە پێوەندییەكەیان، ڕێباز دەڵێت من دەمەوێ بێم بۆ داوات، بەڵام دەبێت یەكەم جار دایكم و خوشكم بتبینن و قسە بكەن، رووناكیش رازی دەبێت.
رووناك ئاوا باسی بینینی كەسوكاری رێباز دەكات، "شەوێكیان رێباز گوتی بەیانی دایكم و خوشكەكەم دەهێنم بتبینن، بەڵام دەبێت كاتێك بێن خەڵك زۆر نەیانبینێ، منیش رازی بووم، بەیانی ئێوارەكەی بەرەبەری دنیا تاریكبوون، رێباز لەگەڵ دوو ژن هاتن و هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكە دانەبەزین، گوتیان سەركەوە بووكەخان، دواتر چوومە ناو ئۆتۆمبێل و تۆزێ قسەمان كرد، رێباز زۆر دوور رۆیشت، من ترسام و گوتم بۆ من درەنگە، دەبێت بگەڕێمەوە ماڵەوە، ئەو ژنەی خۆی وەك دایكی ناساند، گوتی تۆ زۆر شڵەژاوی، جاری ئەم حەبە بخۆ باش دەبی، بەزۆر حەبەكەی دامێ، ئاگام لە خۆم نەما و كاتێكم  زانی لە ماڵێكی دوور و چۆڵ بە ئاگا هاتمەوە".
رووناك كاتێك بە هۆش خۆی دێتەوە، رێباز هەموو كارێكی بەرامبەر ئەنجام داوە، دواتر پێشی دەڵێت تۆم تەنیا بۆ ئەوەندە بوو، ئەوكات رووناك تێدەگات رێباز و ئەو دوو ژنە ئەوە كاری یەكەم جاریان نییە و ئەوانە وەك باندێك بەیەكەوە كار دەكەن، بەڵام بێ چارە دەمێنێتەوە و ناتوانێ هیچ بكات.
رووناك بە گریانەوە ئاوا باسی ئەو شەوە دەكات، "من ئاگام لە هیچ نەما كاتێك بەهۆش خۆم هاتم، گەوزانی خوێنی خۆم بووبووم، كاتێك پرسیم من لە كوێم و بۆ ئاوام، گوتی ئەی چاوەڕێی چیت دەكرد، ئەوانە نە دایك و خوشكم بوون نە منیش ناوم رێبازە، تۆم تەنیا بۆ ئەوەندە دەویست، دوعا بكە نەتدەم بەو ژنانە و كارت پێ نەكەن".
زیاتر دەڵێ، "من سێ شەو لەو ماڵە چۆڵە مامەوە و نەمدەزانی كوێیە، چونكە زۆربەی كات بێ هۆشی دەكردم، سێ رۆژ هەركات بیویستبایە دەهاتە لام، لەكاتێكدا من خوێنم دەبینی، بەڵام ئەو گوێی پێ نەدەدا".
دوای سێ شەو، رێباز شەوێكیان رووناك دەخاتە ناو ئۆتۆمبێل و لەسەر رێگەی هەولێر-كەركووك فڕێی دەدات، لەوێ ژنێك هەڵی دەگرێتەوە و دەیباتە ماڵی خۆیی، تا پێنج مانگ لە ماڵی ئەو ژنەدا دەمێنێت، بەڵام دواتر بەهۆی پێوەندییەكەوە لەو ماڵەش نامێنێت.
رووناك دەڵێت، "كاتێك ئەو ژنە لەو رێگەیە منی هێنایەوە ماڵی خۆیان، وامدەزانی دووبارە رێبازێكی ترم لێ پەیدا دەبێت، زۆر دەترسام، بەڵام ئەو ژنە زۆر باش و میهرەبان بوو لەگەڵم، لەبەرئەوەی من زۆر لێی پاڕامەوە و داوام لێ كرد رازی بوو كە بەسەرهاتەكەم لای كەس باس نەكا و نەشمبات بۆ لای پۆلیس، چونكە من دەترسام ماڵەوە بزانن من دەكوژن و ئابڕووشیان دەچێت".
"ئەو رازی بوو لە ماڵەكەیدا بمێنمەوە، بەو مەرجەی منیش وەك كچێكی بێ كێشە و ئاقڵ لە ماڵەكەی بژیم، چەند مانگێك بە ئارامی لەوێ ژیام، ئەو هەر خۆی و سێ منداڵەكەی بوون و هاوسەرەكەی پێش چەند ساڵێك مردبوو، بەڵام من دوای پێنج مانگ نەمتوانی خۆم بگرم، زۆر پەرۆشی ماڵەوە بووم، بۆیە پێوەندیم بە خوشكەكەم كرد و بەسەرهاتەكەم بۆ باس كرد، ئەویش داوای ناونیشانی كردم و منیش ناونیشانی ئەو ماڵەم پێ دان كە لێی دەژیام".
ماڵی خوشكەكەی رووناك دەبەن بۆ ماڵی گەورەی گوندەكەیان و لەوێ چەند مانگێك دەمێنێتەوە بەو نیازەی كێشەكەی چارە بكرێت و ماڵی باوكی بیبوورن، بەڵام چونكە رووناك هیچ شتێك لەبارەی رێباز و خانەوادەكەی نازانێ، بۆیە كێشەكەی قورستر دەبێت، بۆیە بەناچاری لەبەر ئەوەی ژیانی لە كوشتن بپارێزرێت، رووناك بۆ شەڵتەر دەگوازرێتەوە.
رووناك ئاوا باسی بردنەوەی بۆ گوندەكەیان و هێنانی بۆ شەڵتەر دەكات، "كاتێك زاواكەمان لەگەڵ ماڵی پوورم منیان بردەوە بۆ گوندەكەمان، وام هەست دەكرد دار و بەردیش بە سووكایەتییەوە سەیرم دەكەن، لەكاتێكدا من هیچ تاوانێكم نەبوو جگە لەوەی بڕوام بە كوڕێك كرد كە دەیگوت خۆشم دەوێی، چەند جار كۆ بوونەوە لەسەر ئەوەی ماڵی باوكم بمبوورن، بەڵام خۆم بە ئومێد بووم نەمبوورن، چونكە هەستم بە شەرمەزارییەكی زۆر دەكرد ئەگەر بیانبینم".
وەك رووناك باسی دەكات، پاش ئەوەی زاواكەیان دەزانێت ناتوانێ چارەسەرێك بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە، بڕیار دەدات بۆ شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتانی بگوازێتەوە.
رووناك چەند مانگە لە شەڵتەردا دەژیت، ژیانێك هەموو رۆژێك بە ئومێدی ئەوەی چاوی دەكاتەوە تا تاوانبارە راستەقینەكە بدۆزرێتەوە و بەسزای خۆی بگات، ئەویش لەناو دیوارە خەم هەڵگرتووەكانی شەڵتەردا، هەناسەی ئاسوودەیی هەڵمژێت، پۆلیس بەدواداچوون بۆ كەیسەكەی رووناك دەكات، بەڵام تا ئێستە بەهیچ سەرچاوەیەك نەگەیشتوون، چونكە رووناك هیچ زانیارییەك لەبارەی رێبازەوە نازانێت".

تێبینی: ناوەكانی ناو ئەم راپۆرتە خوازراون.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - تایبه‌ت