له شاره‌دێی سیده‌كانی سه‌ر به شارۆكه‌ی سۆران، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه به‌شه ئاردێك دابه‌ش ده‌كرێت كه به گوته‌ی هاووڵاتییان، وه‌ك پێویست سوودی لێ نابینن و ناتوانن بیكه‌نه نان.
مانگانه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شه ئارد و چه‌ند ماده‌یه‌كی خۆراكی دابین ده‌كرێت و له رێگه‌ی بریكاره‌كانی خۆراك به‌سه‌ر هاووڵاتییان دابه‌ش ده‌كرێت، به‌ڵام وه‌ك هاووڵاتی و بریكاره‌كانیش باسی لێوه ده‌كه‌ن، ماوەیەکە ئاردی مانگانه كوالیتی باش نییه.
له‌م باره‌یه‌وه حه‌لیمه قادر خانمێكی خێزانداره و دانیشتووی شاره‌دێی سیده‌كانی سه‌ر به سۆرانه بۆ "وشه" گووتی، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه كاتێك ئارد له بریكاری خۆراك وه‌رده‌گرین و ده‌هێنینه‌وه ماڵه‌وه ویستوومانه بیكه‌نیه نان، به‌ڵام به‌هۆی خراپی ئارده‌كه نه‌مان توانیوه سوودی لێ ببینین، بۆیه ناچارین جۆرێكی تری ئارد له بازاڕ بكڕین یا به هه‌مان شێوه بڕی ئاردی سفر بكڕین و له ناو ئاردی خۆراك بده‌ین تا ده‌بێته نان.
باوكی زانا خاوه‌ن بریكاری ئارده له سنووری سۆران به "وشه"ی راگه‌یاند، مانگانه به‌شه ئاردی 700 كه‌س له حكوومه‌ت وه‌رده‌گرم و به‌سه‌ر هاووڵاتییانی سنووره‌كه‌م دابه‌شی ده‌كه‌م، به‌ڵام خراپی ئارد نیگه‌رانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك له نێوان چوار بۆ پێنج مانگ ته‌نیا یه‌ك جار ئاردی باشمان بۆ دێت.
به‌شی زۆری هاووڵاتییان ڕازی نین له‌و ئارده‌ی كه وه‌ردی ده‌گرن، چونكه وه‌ك پێویست سوودی لێ نابینن
زیاتر گوتی، به‌شی زۆری هاووڵاتییان ڕازی نین له‌و ئارده‌ی كه وه‌ردی ده‌گرن، چونكه وه‌ك پێویست سوودی لێ نابینن، پێویسته حكوومه‌ت گرنگی زیاتر به كارگه‌كانی دروستكردنی ئارد بدات و هه‌وڵ بدات كوالیته‌كه‌ی باشتر بكات.
لای خۆشیه‌وه حوسێن محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری خۆراكی سۆران به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و به‌شه‌ی كه ئه‌مساڵ هاتووه هی مانگی یه‌ك و دووه، ئاردێكی باش بووه و هیچ كێشه‌ی نه‌بووه، تا ئێسته‌یش ئاردی مانگی سێ نه‌هاتووه، به‌ڵام له رابردوو له به‌شه ئاردی خۆراك كه‌م و كوڕیمان هه‌بووه و ره‌نگه چه‌ند مانگێك ئارده‌كه وه‌ك پێویست نه‌بووبێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش داوه، ئێسته شه‌كر و زه‌یت هاتووه و هه‌فته‌ی داهاتووش ئاردی مانگی ئادار ده‌گاته ده‌ڤه‌ری سۆران و راسته‌وخۆ به بریكاره‌كانی خۆراك ده‌درێت و ئه‌وانیش به سه‌ر هاووڵاتییان دابه‌شی ده‌كه‌ن. ئێمه به دوواداچوون ده‌كه‌ن هه‌ر بریكارێك ده‌نگۆی ناڕاست بڵاو بكاته‌وه كه ببێته هۆی شێواندنی بازاڕ و كاریگه‌ری بكاته سه‌ر گران بوونی نرخی ئارد، بێگومان ڕووبه‌ڕووی سزایی یاسایی ده‌كه‌ینه‌وه.
هه‌ریه‌ك له شارۆكه‌ی سۆران، مێرگه‌سۆر، رواندز، چۆمان ده‌ڤه‌ری سۆرانیان پێكهێناوه و رێژه‌ی دانیشتوانانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره زیاتر له 300 هه‌زار كه‌سه.
سۆران/ موڕشید برادۆستی