یەكێكی تر تووشبوو.. خەریكە كۆرۆنا كەركووك دەتەنێتەوە

:: PM:04:53:31/03/2020 ‌
بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییانی شارەكە بە ڕێنوێنییەكانی حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی، جارێكی تر ڕێژەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركووك بەرز دەبێتەوە.

سەردانی دەرەوەی وڵاتیشی نەكردووە
ماوەی دوو ڕۆژە ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركووك زیاتر دەبێت، ئەمڕۆ سێشەم 31ی‌ ئادار، د. نایف هاشم لە تاقیگەكانی فەرمانگەی تەندروستیی گشتیی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە "وشە"ی‌ ڕاگەیاند، لە كەركووك حاڵەتێكی نوێی تووشبوونی بەڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوە، توشبووەكە كچێكی تەمەن 21 ساڵە و كوردە ناوی (شەیما پشتیوان یەحیا) و دانشتووی گەڕەكی شۆرجەی شارەكەیە.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینەكەی لە بەغدا گەڕاوەتەوە كەركووك، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانمان دەركەتووە ئەو كچە سەردانی دەرەوەی وڵاتی نەكردووە، بەڵام لە دەرمانخانەیەكی گەڕەكەكە كاری كردووە، ئێستە لەكەرەنتینەیە لە ناوچەی پیشەسازی و باری تەندروستی جێگیرە.

شانەی قەیرانی شاری كەركووك لە نوێترین بڕیاردا تاكو 16ی نیسانی داهاتوو قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی شارەكە درێژكردووەتەوە و دەوامی فەرمانگەكانی ڕاگرتووە، ئەمەیش بەهۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی كرۆنا لە شارەكە.




وشە - محەمەد میران