هۆكاری شەڕانگێزی و خێرا بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا

:: PM:06:28:31/03/2020 ‌

تا دێت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا زیاتر دەبێت و ژمارەی قوربانیانی ئەو ڤایرۆسە شەڕانگێزە زیاتر دەبێت، توێژینەوەیەكی نوێ رووناكی دەخاتە سەر زانیاری ورد و یەكلاكەرەوە لەبارەی ڤایرۆسەكە و هۆكاری ئەو خێرا بڵاوبوونەوە و بكوژییەی ئاشكرا دەكات.
توانای لكانی كۆرۆنا بە خانەكانی لەش چوار هێندەی سارس بەهێزترە
ئەنجامی توێژینەوەكە پێشكەیشكردنی بەڵگەیەكە بەوەی ئەوەی ئەو ڤایرۆسەی مەترسیدارتر و بڵاوبوونەوەی زیاتر  كردووە، ئەو پەرەپێدانەیە بەخۆی داوە و بووەتە بكوژتر، وەك رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ئاماژە دەكات، ئەو توێژینەوەیە باس لەو بەرزی و نزمیانەی سەر رووی دەرەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات كە توانای لكانی بە خانەكانی مرۆڤ هەیە، كە چوار جار بەهێزترە بە بەراورد بە توانای ڤایرۆسی سارس، ئەو ڤایرۆسەی پێش چەند ساڵێك بووەتە هۆی مردنی سەتان كەس لە دنیا.

توێژینەوەكە ئاماژە دەكات كە ئەو ڤایرۆسە كاتێك لە رێگەی لووت یان دەمەوە دێتە هەڵمژین، هەلی گەورەی هەیە بۆ لكان بە خانەكانی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسەدان، واتە بۆ تووشبوون بەو پەتایە پێویست بە ژمارەیەكی كەمی ڤایرۆسەكە دەكات، ئەو ئەنجامانەیش دوای توێژینەوەیەكی زانایان لە زانكۆی مینیسووتای ئەمەریكا دەست كەوتن كە لەسەر ئەو بەشە وردانەی سەر رووی كۆرۆنایان ئەنجام دا و بریتین لە چینێكی پرۆتینی.  

توێژەران بۆیان دەركەوت كە ئەوكاتەی ڤایرۆسەكە رووبەڕووی خانەیەكی مرۆڤ دێتەوە، ئەو بەشە پڕۆتینیانەی سەر رووی دەرەوەی پێوەی دەلكێن و ئەگەر ئەو خانانە رێگەی پێ بدەن بچێتە ژوورەوەی، ئەوكات ڤایرۆسەكە لە زۆربوون و كۆپیكردنی خۆی سەركەوتوو دەبێت و بڵاو دەبێتەوە.

د فانگ لی، سەرۆكی تیمی ئەمەریكی لەو توێژینەوە دەڵێت، ئەنجامەكانی توێژینەوەكەمان دەری دەخەن كە كۆڤید19 ستراتیجیەتێكی نوێی پەرە پێ داوە بۆ گەیشتن بە لەشی مرۆڤ، بە بەراورد بە ڤایرۆسی سارس، ئەوەیش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری لەناو خەڵكی.

جۆناسان پۆڵ، مامۆستای ڤایرۆسزانی لە زانكۆی نۆتنگهام لەبارەی ئەو ئەنجامانە دەڵێت، ئێمە دەزانین كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەیەكی تەواو جیاواز لەگەڵ خێزانەكەی رەفتار دەكات، كۆرۆنا بەتایبەتی تووشی قورگ و لووت دێت و نیشانەی هاوشێوەی سەرمابوون دەردەخات، لەوكاتەی سارس سییەكان دەكاتە ئامانج. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل