عێراق.. میلیشیاكان خۆیان بۆ گورزێكی ئەمەریكا ئامادە دەكەن

:: PM:10:20:31/03/2020 ‌

دوای تەواوبوونی جموجۆڵەكانی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق، كە لە ماوەی دواییدا چوار سەربازگەی رادەستی هێزەكانی عێراق كردەوە و یەكەكانی سیستمی پاتریۆتی هێناوەتە بنكە سەرەكییەكانی بۆ پاراستنیان، شارەزایان و لەوانەیش گرووپە چەكدارەكان كە پێشتر مووشەكبارانی بنكەكانی ئەمەریكایان كردووە، چاوەڕوانی گورزێكی سەربازی دەكەن.
ئەمەریكا و میلیشیاكان لە جەنگێكی دەروونیدان
لەوباریەوە سەرچاوەیەك بە "شەفەق نیوز"ی راگەیاند، هێزەكانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكانی تر، رێوشوێنی توندی خۆپارێزی و ئامادەسازیان وەرگرتووە لە ئەگەری گورزێكی نزیكی سەربازی ئەمەریكا بۆ بنكە و بارەگا و سەركردەكانیان.

وەك سەرچاوەكە باسی كردووە، ئەو گرووپانە دەستیان كردووە بە گواستنەوەی جبەخانە و چۆڵكردنی بەشێك لە بارەگاكانیان و كردنەوەی بارەگەی نوێ و گەڕۆك، هەر لەو ناوەدا سەرانی حەشدی شەعبی و ئەو گرووپانە رێوشوێنی توندی خۆپارێزیان وەرگرتووە و جموجۆڵەكانیان كەمتر كردووەتەوە و شوێنی نیشتەجێبوونیان، تەنانەت ئۆتۆمبێلەكانیشیان گۆڕیوە و بۆ پێویستی نەبێت، ناچن بۆ دەرەوە.

وەك سەرچاوەكە ئاشكرای كردووە، ئەو رێوشوێنانە دوای پێگەیشتنی زانیاری بۆیان هاتووە بەوەی ئەمەریكا بەنیازە لە رێگەی هێرشی ئاسمانی هەوڵی كوشتنی ئەوان بدات، جیا لە بۆردمانكردنی بارەگەكانیان.

لە 27ی ئەم مانگە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، پنتاگۆن فەرمانی بە فەرماندەكانی سوپای ئەمەریكا كردووە بۆ پلاندانان بۆ هەڵمەتێكی سەربازی لە عێراق لە دژی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، كە هەڕەشە بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دروست دەكەن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل