لەوكاتەی جەنگی راگەیاندن لە نێوان ئەمەریكا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق گەرمە، شارەزایانی تەناهی و ستراتیجی دووپاتی دەكەنەوە كە ئەمەریكا كودەتا لە دژی رژێمێك ناكات كە خۆی بەنیاتی نابێت، بەڵكو پلانی بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران داناوە.
واسق هاشمی، سەرۆكی كۆمەڵەی عێراق بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی دەڵێت، لەناو ئیدارەی ئەمەریكا دوو رەوت هەن، یەكەمیان مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا پاڵپشتی دەكەن بەوەی گورزێكی بەهێز بێتە وەشاندن، دووەمیان مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری سەركردایەتی دەكات و لەگەڵ وەشاندنی گوزرێكی سنووردارە.
شكستی ئەزموونی دیموكراسی ئەمەریكا لە عێراق
زیاتر گوتی، رەوتی یەكەم پلانێكی تۆكمەیان داڕشتووە بۆ گورزێكی فرەوان و بەهێز، بەڵام ئەوەی تا ئێستە دەیبینین ئەمەریكا پابەندە بە گورزی سنووردار، ئەگەر چی هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە ئەمەریكا سوورە لەسەر وەشاندنی گورزێك لە چەند گرووپێكی چەكدار لە عێراق.
ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە كە سەردەمی كودەتا كۆتای هاتووە و ئەمەریكا كودەتا لە دژی رژێمێكی دیموكراسی ناكات كە خۆی بنیاتی ناوە، چونكە دەبێتە شكستی ئەزموونی ئەمەریكا لە عێراق، بۆیە پێم وایە ئەوەی لەوبارەوە دەگوترێت، لەلایەن چەند گرووپێكەوەیە بۆ سوودوەرگرتن لەو قسانە، چونكە گوشاریان لەسەرە.
لای خۆیەوە ئیحسان شمەری، سەرۆكی سەنتەری هزری سیاسی گوتی، پێش ئەو جموجۆڵانەی دوایی ئەمەریكا، رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان هەر هەبووە، بۆیە هەر كردەیەكی تری سەربازی نابێتە شتێكی نوێ و پێوەست نییە بەو جموجۆڵەی دوایی.
ئەو شارەزایە روونی كردەوە، هێزی گورزەكانی داهاتووی ئەمەریكا بۆ میلیشیاكان بە ئاستی دەمارگرتنی ئەو گرووپانە بۆ ئەمەریكا بەستراوەتەوە، بۆیە ئەگەر لە كردنەئامانجی ئەمەریكا بەردەوام بن، پەرەسەندنی دۆخەكە دەبینین، چونكە واشنتن ئەو گرووپانە بە باڵی ئێران دادەنێت و سیناریۆی چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵیان داڕشتووە.
لەبارەی ئەگەری كودەتا لە عێراق شمەری روونی كردەوە، بڵاوكردنەوەی بیرۆكەی ئەنجامدانی كودەتای سەربازی لە عێراق، هەوڵێكە بۆ هاندانی هەستی دوژمنداریەتی بەرانبەر ئەمەریكا، بەتایبەتی لەناو شەقامی شیعە و بەدەستهێنانی پاڵپشتی بەوشێوەیە، دەیانەوێ بڵێن ئەمەریكا هەوڵی ئاوەژووكردنی هاوكێشەكە و دروستكردنی هاوكێشەیەكی نوێ دەدات، جیا لەوەی رەنگە ئەو قسانە هەوڵێكی هێنانەوەی پاساو بێت بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بۆیە كودەتا نابێت، چونكە واشنتن پاڵپشتی لە هاوكێشەیەكی نوێی سیاسی لە عێراق دەكات كە پارێزگاری لە هاوسەنگی لە پێوەندییەكانی بكات.