بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك بابەت بكات وەك خوێندنی ئەمساڵ و تاوتوێكردنی پڕۆژە بڕیارێك بۆ هاوكاریكردنی كاسبكاران.
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بە كوردستان24ـی راگەیاندووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە چەند تەوەرێك تاوتوێ دەكات.
دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت
سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ڕوونی كردووەتەوە، چەند پرسێكی پێوەست بە رێكارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.
باسی لەوەش كردووە، تاوتوێكردنی پڕۆژە بڕیارێك بۆ هاوكاریكردنی ئەو كاسبكارانەی بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ زیانمەندبوونە و بژێوی ژیانیان لە دەست داوە، لەگەڵ گفتوگۆكردن لەبارەی ئامادەكاریی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی ئۆنڵاین و وەزیرانی ئەو دوو وەزارەتە پلانی خۆیان دەخەنەڕوو لەبارەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ.