پیرەژنێكی 101 ساڵی بەسەر كۆرۆنا سەركەوت

:: AM:10:15:01/04/2020 ‌
دوای 10 رۆژ مانەوەی لە كەرەنتین، پیرەژنێكی 101 ساڵی بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا سەردەكەوێت، پزیشكانی نەخۆشخانە هۆڵەندییەكەش دەڵێن، ورەی پۆڵایین و پابەندی بە رێنوێنییە تەندروستییەكان هۆكاری چاكبوونەوەی بوو.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، میدیاكانی هۆڵەندا بڵاویان كردەوە كە پیرەژنێكی /101 ساڵ/ دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، نەخۆشخانەی جێهێشت و بە تەواوەتی چاك بووەتەوە.

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، تا ئەمڕۆ چوارشەم 12 هەزار و 595 كەس لە هۆڵەندا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و لەم ژمارەیەش هەزار و 39 كەس گیانیان لە دەست داوە.

ئەو پیرێژنە تەمەن 101 ساڵییە كە ناوەكەی بڵاو نەكراوەتەوە، 10 رۆژ پێش ئێستە بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە سەردانی نەخۆشخانەیەكی نزیك شاری رۆتردامی كردبوو، دوای پشكنینەكان ئەوە پشتڕاست كرایەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنای گرتووە. 

دڵخۆشم كە پیرەژنێكی پۆڵایین دەبینم و بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا سەركەوت، ئەو بە تەواوەتی پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەكان بوو


بەرپرسانی نەخۆشخانەكە دەستبەجێ دەیخەنە ژێر چاودێری لە كەرەنتین، دوای 10 رۆژ مانەوە، بەرپرسانی نەخۆشخانەكە پێیان راگەیاندووە كە بە تەواوەتی چاك بووەتەوە و دەتوانێ نەخۆشخانە جێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پیرەژنەكە بە تەنیا لە ماڵەوە دەژیت، حكوومەت بڕیاری داوە رەوانەی خانەی بەساڵاچووانی بكات تا ماوەیەك و دواتر بگەڕێتەوە ماڵ.

سۆنیل راملال شارەزای نەخۆشییەكانی سینگ دەڵێ، دڵخۆشم كە پیرەژنێكی پۆڵایین دەبینم و بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا سەركەوت، ئەو بە تەواوەتی پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەكان بوو.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 20ـی كانوونی یەكەمی 2019 لە شاری ووهانی چین، تا ئەمڕۆ ئەو ڤایرۆسە لە 213 وڵاتی دنیا بڵاو بووەتەوە، 823 هەزار و 479 كەس بە پشتڕاستكراوی دووچاری ئەو ڤایرۆسە بوونە، لەم ژمارەیە 162 هەزار و 937 كەس چاك بوونەتەوە و 49 هەزار و 636 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.


وشە - فه‌رمان سادق