سەندیكای پارێزەران وەڵامی پارێزەرەكانی دەداتەوە

:: AM:10:54:01/04/2020 ‌
ماوەی دوو ڕۆژی كەمپینێك لەلایەن كۆمەڵێك پارێزەر بۆ هاوكاریكردنی پارێزەران ڕاگەیەنراوە، سەرۆكی سەندیكاش وەڵامیان دەداتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، بەختیار حەیدەری نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمەش بیستوومانە پارێزەران كەمپینێكیان ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی لەلایەن سەندیكا هاوكاری بكرێن.

بزانین كەسێك پێویستی پێی بێت هاوكاری دەكەین
نەقیبی سەندیكای پارێزەران گوتی، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ ناتوانین ئێستە هیچیان بۆ بكەین، بەڵام دوای دەست پێكردنەوەی دەوام، چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین و لە ڕابردووش زۆر هاوكاریی پارێزەرانمان كردووە، ئێستەیش بزانین كەسێك پێویستی پێی بێت هاوكاری دەكەین.

ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن چەندان پارێزەر كەمپینێك فشار ڕاگەیەنراوە بۆ ئەوەی سەندیكای پارێزەران لەم دۆخە بێ ئیشییە كە پارێزەرانیشی گرتووەتەوە و لێی زیانمەند بوون، هاوكاری بكرێن.

ئەو پارێزەرانە ئەمڕۆ ئاشكرایان كردووە، ئێستە سەندیكای پارێزەران هاتووەتە سەر خەت و دەیانەوێ میكانیزمێكی گونجاو بدۆزنەوە تا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە هاوكاریی مادی بەسەر پارێزەران دابەش بكەن كە شایستەن.

سەندیكای پارێزەران لە ساڵی 1993 دامەزراوە و خاوەنی ژمارەیەكی زۆری ئەندامە، یەكێكە لە سەندیكا دەوڵەمەندەكانی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد