كۆرۆنا لە مرۆڤەوە بۆ سەگ و پشیلە گوازرایەوە

:: AM:11:01:01/04/2020 ‌
ماوەی چەند هەفتەی رابردوو، چوار گیاندار دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا /كۆفید 19/ بوونە، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە لە داهاتوودا رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكان، دوای ئەوەی ڤایرۆسەكە دووچاری مرۆڤ بوو، پەڕیوەتەوە و گیاندارانیشی گرتووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، بە فەرمی چوار گیانداری تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراون، دوو سەگ و دوو پشیلەی ماڵی لە وڵاتانی هۆنگ كۆنگ و بەلجیكا.

دوای چەندان پشكنین، تووشبوونی ئەو دوو سەگ و دوو پشیلەیە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا /كۆفید 19/ پشتڕاست كراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە 20ـی كانوونی یەكەمی 2019، بۆ یەكەمجار ڤایرۆسەكە تووشی مرۆڤ بوو كە لە ماوەی نزیكەی چوار مانگی رابردوو زیاتر لە 858 هەزار كەس لە 213 وڵاتی جیهان بەو ڤایرۆسە تووش بوون.
ئەو دوو سەگ و دوو پشیلەیە كە یەكلا بووەتەوە دووچاری كۆرۆنا بوونە، هی ئەوە نییە زەنگی مەترسی لێ بدرێت

رێكخراوی تەندروستی جیهانی /WHO/ لەسەر پێگەی ئەلكترۆنی خۆی دڵنیایی ئەوەی بڵاو كردەوە كە هیچ بەڵگەیەك هێشتا تۆمار نەكراوە كە سەگ و پشیلەی ماڵی تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا، توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەیان نییە بۆ خاوەنەكەی بۆیە پێویست ناكات دەستبەرداریان ببن. هاوكات ناوەندە تەندروستییە جیهانییەكانیش ئەوەیان پشتڕاست كردەوە كە سەگ و پشیلە هیچ مەترسییەك لەسەر خاوەنەكانیان دروست ناكەن و هیچ زانیارییەك نییە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوانەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

 ئەگەرچی ناوەندە تەندروستییە جیهانییەكان دڵنیایی دەدەن، بەڵام پزیشكانی ڤێتێنەری داوای پشكنینی زیاتر بۆ ئەو دوو سەگ و دوو پشیلە تووشبووە بە كۆرۆنا دەكەن، پاش ئەوەی گۆڤاری "ساینس" بڵاوی كردەوە كە ئەو دوو سەگ و دوو پشیلەیە لە بازاڕی گیانداران لە شاری وۆهانی چینی، ڤایرۆسەكەیان لە مرۆڤێكی تووشبوو گرتووە.

 شارەزایان دەڵێن، ئەو پشكنینانەی بۆ مرۆڤ دەكرێت، دەكرێ هەمان پشكنین بۆ ئاژەڵانیش بكرێت، بەڵام داوای پێشخستنی پشكنینی تایبەت بە گیانداران دەكەن.

تاقیگەی واشنتن بۆ پشكنینی ئاژەڵان دەڵێ، پشكنینێكی تایبەتیان بۆ گیانداران پێشخستووە پێوەند بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، رەزامەندی رێكخراوی تەندروستی جیهانیشی وەرگرتووە و رۆژانە توانای پشكنینی بۆ 100 گیاندار هەیە، بەڵام هێشتا لە ئەمەریكا رێی پێ نەدراوە.

دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا هێشتا رێیان بەو پشكنینانە نەداوە بۆ گیانداران بكرێت، ئەوان دەڵێن، ئەگەر بڕیاری رەزامەندیش بدرێت، ئەوا سەرەتا بۆ ئەو ئاژەڵە ماڵییانە دەكرێت كە خاوەنەكانیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان. 

جێی بیرخستنەوەیە، مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا /كۆفید 19/ لەناو ئاژەڵان، مەترسییەكەی لەوێدا دەردەكەوێت كاتێك ساڵی 2003 ڤایرۆسی سارس لە پشیلەدا بڵاو بووەوە، شارەزایان رایان گەیاند ڤایرۆسەكە لە پشیلەیەكەوە دەگوازرێتەوە بۆ پشیلەیەكی تر.

گۆڤاری ساینس دەڵێ، سەگ و پشیلە هەمان دواڕۆژی خانەییان هەیە كە مرۆڤ هەیەتی و دووچاری ڤایرۆس دەبن، گوتی "بەڵام ئەو دوو سەگ و دوو پشیلەیە كە یەكلا بووەتەوە دووچاری كۆرۆنا بوونە، هی ئەوە نییە زەنگی مەترسی لێ بدرێت، بەڵكو دەبێت بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەوە بكرێت كە ئایا ڤایرۆسەكە لە مرۆڤەوە بۆ گیانداری تر دەگوازرێتەوە یان نا".


وشە - فه‌رمان سادق