دوایین زانیاری لەسەر كۆمەڵگەی سێبیران ئاشكرا كرا

:: AM:11:28:01/04/2020 ‌
بەرپرسێكی كۆمەڵگەی سێبیران ئاشكرای دەكات، تیمە پزیشكییەكان بەردەوامن لە پشكنینی هاووڵاتییان و هەرچییان پێویست بێت بۆیان دابین دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، تۆڵە مەهدی خۆشناو بەڕێوەبەری شارەدێی كانی قرژاڵە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە دۆخی سێبیران ئارامە و هەرچی پێویست بێت بۆ خەڵكەكەی دەكرێت و پێداویستیشیان بۆ دابین دەكرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی پێویست بێت بۆ ئەو كۆمەڵگەیەی ئەنجام داوە
بەڕێوەبەری شارەدێی كانی قرژاڵە گوتی، تیمە پزیشكییەكان لە ماوەی 14 ڕۆژ پشكنین بۆ هاووڵاتییانی ئەو شوێنە دەكرێت تا بزانرێت ئەگەر كەسێكی تووشبوو هەبێت بدۆزرێتەوە و چارەسەر وەربگرێت.

باسی لەوەش كرد، ئێستە دۆخی تەندروستی ئەو كەسانەشی تووش بوونە باشە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی پێویست بێت بۆ ئەو كۆمەڵگەیەی ئەنجام داوە و چاوەڕوانی دەرئەنجامە پزیشكییەكان دەكەین، تا دڵنیا ببینەوە كە هیچ كەسێكی تر تووش نەبووە.

گوتەی ئەو بەرپرسەی كانی قرژاڵە لە كاتێكدایە ماوەی هەشت رۆژە كۆمەڵگەی سێبیران كەرەنتینە كراون و چەند كەسێكی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دیاری كراون، ئێستە چارەسەر وەردەگرن و ڕەنگە ئەمڕۆ چەند كەسێك بۆ ماڵەوە بێنە ناردن.

كۆمەڵگەی سێبیران سەربە  شارەدێی كانی قڕژاڵەیە و پێنج كیلۆمەتر لە هەولێر دوورە .



وشە - رامیار جەواد