23 قاچاخچی کە خەڵکیان لە ئێرانەوە دەهێنا گیران

:: PM:01:12:01/04/2020 ‌
لە سنووری شارۆكەی قەڵادزێی دەڤەری ڕاپەرین، لەلایەن هێزە تەناهییەكان 23 كەس گیران كە هەڵسابوون بەهێنانەوەی هاووڵاتییان لە ئێران بۆ هەرێمی كوردستان بەڕێی قاچاخ.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی هەڵشۆی سەر بە شارۆكەی قەڵادزێ‌ بڵاوی كردووەتەوە، لە بەردەوامی هەوڵەكان بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا كۆڤید 19، هێزە تەناهییەكانی سنوورەكە بە هاوكاری بنكەكانی هەڵشۆ و هێرۆ و ئیسێوە و زەڵێ و ژاراوە، چەندان قاچاخچییان گرت.

سنوورداش كراونەوە تا نەیەنە ژوورەوە
ڕوون كراوەتەوە، هێزە تەناهییەكان 23 كەسیان گرتووە كە هەوڵی بەقاچاخ هێنانی خەڵكانی بیانی و كەلوپەلی قاچاخ بوون، سەرجەم تۆمەتباران بەفەرمانی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی پشدەر پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە.

باس لەوەش كراوە، چەندان كەسی تر هەر لەو سنوورە ڕێیان پێ گیراوە و سنوورداش كراونەوە تا نەیەنە ژوورەوە.

بەهۆی نزیكی سنووری شارۆكەی قەڵادزێ‌ لە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێشتر هاووڵاتییان بە ئاسانی هاتوچۆیان دەكرد، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێستە سەرجەم دەروازەكان گیراون.



وشە - رامیار جەواد