بۆ بەدەستهێنانی هێزە شیعییەكان، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هەوڵەكانی چڕتر دەكاتەوە و بە ژمارەیەك پەرلەمانتار دەڵێ، ئەگەر پشتگیری بكرێم عێراق لە سزاكانی ئەمەریكا دەرباز دەكەم.
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، سەرچاوەیەك ئاگادار لە هەوڵەكانی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ئاشكرای كرد، زورفی بۆ دەستخستنی پشتگیری هێزە شیعییەكان، دەیەوێت وەربەرهێنان لەسەر پێوەندییەكانی بكات لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی، بەوەی عێراق هەڵاوێر بكەن لە سزا سەپێنراوەكانی واشنتن بەسەر ئێران.
ئەو سەرچاوەیە كە قسەی بۆ "
شەفەق نیوز" كردووە، بە مەرجی بڵاو نەكردنەوەی ناوەكەی زیاتر گوتی، "سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بە ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی راگەیاندووە كە ئامادەیە لە رێی پێوەندییەكانی بە بەپرسانی ئەمەریكی، رێپێدانی ئەمەریكا لە هاوردەكردنی كارەبا و غاز بۆ عێراق درێژ بكاتەوە، عێراق لە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران هەڵاوێر بكرێت".
زورفی بۆ دەستخستنی پشتگیری هێزە شیعییەكان، دەیەوێت وەربەرهێنان لەسەر پێوەندییەكانی بكات لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی
قسەكانی ئەو سەرچاوەیە لە كاتێكدایە لە ماوەی نزیكی رابردوودا ئەمەریكا ماوەی مانگێكی مۆڵەت بۆ عێراق درێژ كردەوە، ئەمەیشی وەك دوا درێژكردنەوە ناو برد.
ئەمەریكا لە 12ـی ئایاری 2018 گەڕی یەكەمی سزاكانی لەسەر تاران سەپاند، لە مانگی كانوونی دووەمی 2019 گەڕی دووەمی سزاكانی لەسەر ئێران سەپاند، پاشان هەڵاوێری بۆ ماوەی 180 رۆژ بە هەشت وڵات دا لە كڕینی نەوتی ئێران كە یەكێك لەوانە عێراق بوو، ئەگەرچی حەوت وڵاتەكەی تر هەڵاوێریان بۆ درێژ نەكرایەوە، بەڵام ئەمەریكا لە ماوەی 10 مانگی رابردوو بە سێ قۆناغی جیاواز هەڵاوێری بۆ عێراق دەركردووە بۆ كڕینی كارەبا و غازی سروشتی بە مەبەستی بەگەرخستنی وێستگەكانی كارەبا لە ئێران.
جێی باسە لە 16ـی ئاداری رابردوو، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە فەرمی عەدنان زورفی سەرۆكی لیستی نەسر لە پەرلەمانی عێراق كاندید كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە ماوەی 30 رۆژی داهاتوودا.
زورفی هەرزوو لەسەر ئاستی شەقام و هێزە شیعییە باڵاكان، لەوانە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون، هەروەها دەوڵەتی یاسا، رەت كرایەوە.