ڤیان سەبری: دەبێت كۆدەنگی شیعە و نیشتمانی لەسەر زورفی هەبێت

:: PM:02:38:01/04/2020 ‌
هاوكاتی هەوڵەكانی عەدنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، تا ئێستە لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حكوومەت هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووە. كورد و سوننە چاوەڕوانی كۆدەنگی شیعەكان لەسەر زورفی دەكەن.

عەدنان زورفی لە ماوەی رابردوودا لە دوو كۆبوونەوەی جیاواز لەگەڵ فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عێراق كۆبووەوە، بەڵام بە فەرمی هیچ شتێك لەبارەی بەرنامەی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بەرانبەر بە لایەنە كوردستانییەكان نییە.

ڤیان سەبری سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ـی راگەیاند، هێشتا سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو سەردانی كوردستانی نەكردووە و لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان كۆبوونەوەی نەبووە، "چاوەڕێ دەكەین كۆدەنگی شیعە لەسەر زورفی هەبێت، كۆدەنگی نیشتمانیشی لەسەر هەبێت".

چاوەڕێ دەكەین كۆدەنگی شیعە لەسەر زورفی هەبێت، كۆدەنگی نیشتمانیشی لەسەر هەبێت


زورفی لە 16ـی مانگی رابردوو لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە فەرمی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە سپاردن، لە ماوەی 18 رۆژی رابردوودا، تا ئێستە زورفی كە سەرۆكی لیستی نەسرە لە پەرلەمانی عێراق، نەیتوانیوە كۆدەنگی شیعەكان بەدەست بهێنێت، تا ئێستەش بە فەرمی بەرنامەی كاری حكوومەتەكەی رانەگەیاندووە.

پێوەند بە كورد و سوننەش، ئەو دوو پێكهاتەیەش چاوەڕوانی هەڵوێستی فەرمی لایەنە شیعەكان دەكەن، چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا عەدنان زورفی لەگەڵ لایەنە شیعەكان كۆ ببێتەوە و بەرنامەی حكوومەتەكەی بخاتەڕوو، دواتریش لەگەڵ كورد و سوننەكانیش كۆ ببێتەوە.

عەدنان زورفی پاش محەمەد تۆفیق عەلاوی، دووەمین كەسایەتییە پاش دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی بە فەرمی لەلایەن سەرۆك كۆمار كاندید دەكرێت، ئەوەی یەكەم بەهۆی شكستی بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانتاران دەستی كشاندەوە، دوو هەفتەی داهاتووش چارەنووسی زورفی یەكلا دەبێتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق