لە ماوەی دواییدا عێراق جموجۆڵێكی فرەوانی سەربازی ئەمەریكی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینی، كە ژمارەیەك بارەگەی سەربازی ئەمەریكا و هاوپەیمانان رادەستی عێراق كرانەوە، لە بەرانبەر بەوەیش ئەمەریكا سیستمی مووشەكی پاتریۆتی لەسەر خاكی عێراق جێگیر كرد، هاوكات هێزە شیعەكان كە پێشبینی گورزێكی ئەمەریكی دەكەن، ئەو جموجۆڵەی ئەمەریكا بە پێشێلكاری دەزانن و ئێرانیش هەڕەشە لە واشنتن دەكات لە ئەگەری هەر كردەیەكی سەربازی.
بەرپرسانی عێراق ئاگەداری هێنانی سیستمی پاتریۆتن
پرسی هێنانی سیستمی دژە مووشەكی پاتریۆت لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا بۆ پاراساتنی بنكە سەربازییەكانیان لە عێراق، بووەتە مایەی نیگەرانیی ئێران و میلیشیا شیعەكان، بۆیە ئەوان گوشار دەخەنە سەر حكوومەتی عێراق و دەیانەوێ ئەو پرسە وەك پێشێلكردنی سەروەریی عێراق لەقەڵەم بدەن، لەو ناوەدا پنتاگۆن رای گەیاند كە بەرپرسانی عێراق دەزانن بۆچی پێویستە ئەو سیستمەیان هەبێت.
شۆن رۆبەرتسن، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا دەڵێت، ئەمەریكا ئەو سیستمە مووشەكییە بە مەبەستی پاراستنی هێزە و بەرژەوەندییەكانی دێنێتە عێراق، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە ئاسمانیانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆیە بەرپرسانی عێراق ئاگەداری پێویستی ئێمەن بۆ ئەو سیستمە و هاوئاهەنگی و هاوكاریمان لەوبارەوە هەیە.
لای خۆیەوە
عەباس مووسەوی، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دووپاتی كردەوە كە ئەو جموجۆڵە سەربازیانەی ئەمەریكا لە عێراق پێچەوانەوەی هەڵوێستی حكوومەتی عێراق و پەرلەمان و جەماوەرە و ئاڵۆزی لە ناوچەكە زیاتر دەكات.
زیاتر گوتی، پێویستە هێزەكانی ئەمەریكا رێز لە داواكاریی حكوومەت و گەلی عێراق بگرن و ئەو وڵاتە جێبێڵن و خۆیشیان لە نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی بەدوور بگرن، لەوكاتەی دوێنێ حوسێن ئەمیر عەبدولەهیان، یاریدەری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی ئەمەریكای لە هەر كردەیەكی سەربازی لە عێراق وریا كردەوە.