پشكنینی كۆرۆنا لە بنكە تەندروستییەكانی هەولێر دەكرێ‌

:: PM:04:47:01/04/2020 ‌
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ڕای گەیاند، لە بنكە تەندروستییەكان، پشكنینی كۆرۆنا بۆ ئەو كەسانە دەكرێ‌ كە لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە.

ئەم پشكنینە بۆ ئەو كەسانەیە كە لەبەرواری ۱٥شوبات لە وڵاتانی دەرەوە گەڕاونەتەوە
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، بژار موسی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاند، ڕێژەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان پرسیاریان كردووە دەربارەی ئەو پشكنینەی بۆ هاووڵاتییانی هەولێر دەكرێت لە بنكە تەندروستیەكان بۆ دۆزینەوەی هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ڕوونیی كردووەتەوە، ئەم پشكنینە بۆ  ئەو كەسانەیە كە لەبەرواری ۱٥شوبات لە وڵاتانی دەرەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە لەو ماوەیە گەڕاونەتەوە، هەروەها هاووڵاتییانی ناوخۆی وڵات و ئەو  كەسانەی كە هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین دەتوانن لە بنكە تەندروستییەكان پشكنین بكەن.

وەك لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، پشكنینەكان ئەمڕۆ دەستی پێ كردووە و بەردەوام دەبێت تاوەكو تەواوی ئەو هاوڵاتیانەی لە دەرەوە گەڕاونەتەوە پشكنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

ئاماژە بەوەیش كراوە جیا لەسەردانی بنكەكان دەتوانن پێوەندی بە 122 بكەن.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو بانگەوازی بڵاو كردبووەوە كە پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی 15ی شوبات گەراونەتەوە كوردستان پشكنینی كۆرۆنا بكەن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم