داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازار زۆر دابەزیوە

:: PM:05:16:01/04/2020 ‌

لەوكاتەی بودجەی ساڵانەی عێراق بە رێژەیەكی زۆر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و ئێستەیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و جەنگی نەوتی سعوودیە و رووسیا، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا روو لە دابەزینە، بە پێی ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوت بەهۆی دابەزینی نرخەوە زۆر كەمی كردووە.
بەرمیلێك نەوت بە 28.436 دۆلار فرۆشراوە
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، وەك ئاماری سەرەتایی دەرچوو لە لە كۆمپانیای سۆمۆ، قەبارەی هەناردنی نەوت لە مانگی ئازاری رابردوو 105 ملیۆن و 102 هەزار و 927 بەرمیل نەوت بووە، داهاتی فرۆشتنی ئەو نەوەتەیش بریتی بووە لە دوو ملیار و 988 ملیۆن و 711 هەزار دۆلاری ئەمەریكی.

عاسم جیهاد، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەو بارەوە گوتی، كۆی قەبارەی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی ئازاری رابردوو لە كێڵگەكانی باشوور گەیشتووەتە 101 ملیۆن و 395 هەزار 907 بەرمیل نەوت، ئەوەیشی لە كێڵگەكانی كەركووكەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە، سێ ملیۆن و 287 هەزار و 439 بەرمیل نەوت بووە.

زیاتر گوتی، لەوكاتەی لە كێڵگەكانی گەیارە 129 هەزار و 41 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە و ئەوەیش بۆ ئوردن چووە، 290 هەزار و 540 بەرمیل بووە.

جیهاد روونی كردەوە، كۆی تێكڕای رۆژانەی نەوتی هەناردەكراو گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 390 هەزار بەرمیل، كە زۆرینەی لە بەندەرەكانی بەسڕە بووە و 106 هەزار بەرمیلی رۆژانەیش لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا توركیا بووە، هاوكات تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتووەتە 28.436 دۆلار.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل