شكستی شاسوار كه‌ناڵه‌كه‌یشی گرتەوە

:: PM:05:35:01/04/2020 ‌
ئەو شوێنەی شاسوار عەبدولواحید شانازی پێوە دەكات و بە دەستییەوە ماوە، تەنیا كەناڵی ئێن ئاڕ تییە، ئەویش دوای ئەو هەڵبەز و دابەزەی كە ساڵی ٢٠١٨ رای گەیاند و گوایه‌ فرۆشتویەتی و بە دەستیەوە نەماوە، بەڵام بە گوتەی كەسانی ناو كەناڵەكە، پرۆژەی ئێن ئاڕ تی لە شكست نزیكە و مووچەی كارمەندان دابەش نەكراوە.

بە گوتەی كەسانی ناو كەناڵەكە، ئێستە لە هەموو كات زیاتر كەناڵەكە تووشی گرفت بووە و لە رووی داراییەوە شكستی هێناوە، كاروباری ناو كەناڵەكە بەجۆرێكە كە پارە نادرێتە ئەو كارمەندانەی كە كار دەكەن و بەشێك لە كارمەندەكانیش كە هەر لە سەرەتاوە لەوێن و كەسی سەرەكین مووچەیان دواناكەوێت و لە كاتی خۆیدا وەریدەگرن و ئەوانەی خوارەوەش جگە لە دواكەوتنی مووچە، مووچەشیان بڕاوە.

دۆخی ناوخۆی كەناڵەكە ماوەی سێ مانگ دەبێت زۆر خراپە
زیاتر لە دوو سەرچاوە لە ناو ئێن ئاڕ تی بە "وشە"یان راگەیاند، دۆخی ناوخۆی كەناڵەكە ماوەی سێ مانگ دەبێت زۆر خراپە، بە گوتەی ئەوان ماوەی دوو مانگ مووچەیان دواكەوتووە و تا ئێستە مووچەی مانگی دووی ئەمساڵ دابەشكراوە بە نیو مووچە، سەرەڕای ئەوەی مووچەیان كەمكردووەتەوە بەڕێژەیەكی زۆر. باسیان لەوەكرد، بە ئاشكرا پێمان وتراوە هەر كەس ئامادە نییە بەو پارەیە با وازبێنێت و بڕوات.

سوهەیب ئەحمەد، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی كەناڵی ئێن ئاڕ تی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زۆرێك لە بەرپرسانی كەناڵەكان بێمنەتیان هەیە بەرانبەر بە كارمەندانیان، بەتایبەت لە دوای تەنگژەی دارایی، كارمەندان ستەمیان بەرانبەر دەكرێ‌ و زۆرجار وەك كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە داراییە هەیە.

هەروەها گوتی، بەهۆی ئەوەی ڕۆژنامەنووس پشتوپەنایان نییە كۆمەڵێك بابەت قبوڵ دەكات لە سەرمایەدارەكانی ڕاگەیاندن، كەمتەرخەمی بۆ سەندیكاری ڕۆژنامەنوسان دەگەڕێتەوە هیچ كەناڵێكیان سزا نەداوە بۆ ئەوەی كەرامەتی كارمەند و ڕۆژنامەنووس نەشكێنن.

ئاماژەی بەوەكرد، شاسوار عەبدولواحید چووەتە ناو بابەتی سیاسییەوە خۆی بە سیاسەتمەدار لە قەڵم دەدات و هەلەكان دەقۆزێتەوە، بۆنموونە پارە لە كارمەندی كەناڵەكانی دەبڕێت لەولاوە دەڕوات كەناڵی نوێ پێدەكاتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی.

هەروەك دووپاتی كردەوە، شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەبەری سێبەری هەموو كەناڵەكانییەتی ئەدمینی پەیج و سایتەكانە هەر هەواڵێكی بەدڵ نەبێت دەی سڕێتەوە ڕێگەش نادات یەك هەواڵ بڕوات بەدڵی نەبێت.

ئەوە لەكاتێكدایە كە شاسوار لە كاری بازرگانی و حزبی شكستی هێنا و ئێستەیش بەهۆی شكستەكانی خەریكە ئێن ئارتی بەرەو رووخان دەكات.

سلێمانی/ هۆشیار و عەزیز


وشە - سه‌رخێڵ هاشم