گرووپەكەی سەركەوت شەمسەدین سەرزەنشت دەكرێن.. كاتی هاندانی خەڵك نییە

:: PM:06:50:01/04/2020 ‌
رەخنەكان لەسەر ئەو كۆمەڵە پەرلەمانتارەی عێراق زیاتر دەبن كە بە گرووپەكەی سەركەوت شەمسەدین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناویان دەهێنرێ‌ و بەردەوام بەیاننامە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەردەكەن و پشتیوانی عەرەبەكانی بەغدا دەكەن.

له‌ برى شه‌ڕكردن له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى كورد شه‌ڕ به‌حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌فرۆشن
گرووپێكی پەرلەمانتارانی كورد لە عێراق كە ژمارەیان نۆ كەسە و سەركەوت شەمسەدین و ئەحمەدی حاجی رەشید سەرپەرشیان دەكەن لە دوایین بە یاننامەدا راستەوخۆ دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاو دەنێن و خەڵك هان دەدەن لەژێر بیانووی بێنە دەرەوە لەماڵەكانیان و پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەكان نەبن.

نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، پەرلەمانتار دەبێت كاتێك هەڵوێست وەردەگرێت دۆخە ناوچەكەی خۆی و هاووڵاتییانی ناوچەكە لەبەرچاو بگرێت.

روونیشی كردەوە، ئەو پەرلەمانتارانە (گرووپەكەی سەركەوت شەمسەدین) دەبێت شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن كە بەپێی رێككەوتنەكان نەكراوە، هەروەها داكۆكی لەو خاڵانەی رێككەوتنە دەستورییەكان بزانن، ئەوان لە خاڵی لاوازی حكوومەت دەدەن، لە كاتێكدا ئێستە دۆخی هەرێمی كوردستان باش نییە بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە.

لای خۆیەوە بەختیار كەریم، ئەندامی سەركردایەتی حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە تەواوی توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هاووڵاتییانە، كاتی ئەوە نییە پرسی مووچە بوروژێنرێ‌.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەو پەرلەمانتارانە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دژی بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانن.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم