شەش سەعاتەکەی دەرفەتی هاتوچۆ بۆ پیاسە نییە

:: PM:07:23:01/04/2020 ‌
پارێزگاری هەولێر دووپات دەكاتەوە كە كۆرۆنا مەترسییەكی رژدە لە هەولێر و پێویستە هاووڵاتییان زیاتر پابەندی رێنوێنییەكان بن.

پابەندنەبوون بە بڕیارەكانی حكوومەت مەترسیی دروست دەكات
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی نیسان، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی رای گەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنا چووەتە ناو كۆمەڵگە و لە قۆناغێكی سەختترداین و تاكە رێگە بۆ خۆپاراستن و بۆ ئەوەی نەگەینە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار، ئەوەیە ئەم 10 رۆژەیش پابەند بین.

سۆفی دووپاتی كردەوە، پابەندنەبوون بە بڕیارەكانی حكوومەت مەترسیی دروست دەكات و پشوو درێژ بن لەگەڵ جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتوچۆ.

"لە سەعات یەكی شەو تا شەشی بەیانی دەرفەت دەدرێتە هەندێك خەڵك، كە كاری زۆر پێویستیان هەیە و كاری كشتوكاڵی و باخداریان هەیە، یان كۆگایان هەیە و كەلوپەلی پێویست دەگوازنەوە. ئەم رێگە پێدانە بۆ گەشت و سەیران و پیاسە نییە".

قسەكانی فرسەت سۆفی لەكاتێكدایە كە دوێنی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی تا 10ی نیسان درێژ كردەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم