راپۆرتێك: بەمنزیكانە ئەمەریكا ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە عێراق ئەنجام دەدات

:: PM:08:35:01/04/2020 ‌

جموجۆڵەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەردەوامە و لەلایەن شارەزایان و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لێكدانەوەی جیاجیای بۆ دەكرێت، راپۆرتێكی رووسی ئاماژە دەكات كە ئەو جموجۆڵە فرەوانە سەربازییەی ئەمەریكا لە ناوچەكە و عێراق، ئامادەسازییە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی فرەوان و نزیك.
كاتی هەڵگیرسانی جەنگێك لە ناوچەكەدا هاتووە
وەك لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی "فۆرت رووس"ی رووسیدا هاتووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێ لە رێگەی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە عێراق و ناوچەكە چەند ئامانجێك بپێكێت، لەوانە كردنەئامانجی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق و لاوازكردنی پێوەندی و هاوكاریی سیاسی و ئابووری و كولتووری نێوان هەردوو وڵات كە كار دەكاتە سەر توندتركردنی سزاكانی سەر ئێران.

زیاتر گوتی، بەهۆی كاریگەریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نرخی نەوت زۆر دابەزیوە و ئابووری ئەمەریكا و كۆمپانیاكانی تووشی زیانی گەورە هاتوونەتەوە، بۆیە دەیەوێت لەو رێگەیەوە كار بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نەوت بكات، هاوكات ئەوەیش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئابووریی چین، جیا لە هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی سعوودیە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت.

راپۆرتەكە زیاتر ئاماژە دەكات، بەهۆی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رێژەی بێكاری لە دنیا و لە ئەمەریكایش زیادی كردووە، بۆیە ئەمەریكا هەوڵی هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزی لە ناوچەكە دەدات بۆ بەكارخستنەوەی پیشەسازی سەربازییەكەی و دابینكردنی هەلی كاری زیاتر، بەوەیش دەبێتە پاڵپشتییەك بۆ ترەمپ لە كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا. 

لای خۆیەوە ئەمڕۆ چوارشەم كەریم علێوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەمەریكا لە عێراق پلانێكی بەدەستەوەیە بۆ كردنەئامانجی سەرانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكان و چەند كەسایەتییەكی سیاسی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل