عێراق.. دوو ناو بۆ شوێنگرتنەوەی زورفی دیاری دەكرێن

:: PM:09:32:01/04/2020 ‌

تا ئێستەیش ململانێی هێزە شیعەكان بەردەوامە، ئەوان بە عەدنان زورفی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت رازی نین و ناشتوانن كاندیدێك لە جێگەی ئەو دیاری بكەن، بەپێی دوایین هەواڵ دوای سەردانی دوایی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ بەغدا، دوو ناو خراونەتە روو بۆ دیاریكردنی یەكێكیان بە شوێنی زورفی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق.
پرسەكە بە گوشاری دەرەكی یەكلا دەبێتەوە
لەو بارەوە سەرچاوەیەك بە "رووسیا تودەی"، راگەیاندووە كە هێزە شیعەكانی نەیار بۆ راسپاردنی عەدەنان زورفی دوو ناویان بۆ وشێنگرتنەوەی دیاری كردووە، كاتێك سەردانەكەی دوێنێ سێشەمی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ بەغدا زۆر شتی گۆڕیوە، لەوانە بەهێزبوونەوەی رەتكردنەوەی زورفی، ئەوەیش وای كرد هێزە نەیارەكانی دوو ناو وەك كاندیدی شوێنگرەوەی بخەنە روو.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئەو دوو كاندیدیە كە هێزە نەیارەكان بۆ زورفی خستوویانەتە روو، هەریەك لە قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی پێشووی عێراق و عەبدولحوسێن عەبتان، وەزیری وەرزش و لاوانن، بەڵام تا ئێستە ئەو بابەتە یەكلا نەبووەتەوە و چاوەڕوانی بۆچوونی موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر دەكەن و دوای ئەوە یەكێكیان دیاری دەكەن. 

بەپێی سەرچاوەكان بڕیارە سەدر و قائانی لە بەغدا كۆ ببنەوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە و دیاریكردنی یەكێك لەو كاندیدانە و ناچاركردنی زورفی بۆ پاشەكشەكردن، كە لە 17ی مانگی ئازاری رابردوو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دوای رێكنەكەوتنی هێزە شیعەكان هاتە راسپاردن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل