گۆڕان: گرووپێكی‌ پەرلەمانتارانی‌ كورد له‌ بەغدا بێ‌ ئاگا و نابەرپرس قسە دەكەن

:: PM:09:41:01/04/2020 ‌
چەندان پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا كە بە گرووپەكەی سەركەوت شەمسەدین ناسراون، هانی خەڵك دەدەن له‌دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرپێچیكردن لە رێنوێنییەكان، بۆ ئەوەیش مووچە دەكەنە بیانوو.

پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەڵێت، ئەو كەسانەی لێدوان دەدەن لە بەغداوە بەبێ ئاگا و نابەرپرسانە قسەدەكەن، چاودێرێكی سیاسیش دەڵێ، كۆمەڵێك پەرلەمانتار دەیانەوێت دۆخەكە بۆ دەستكەوتی حزبی بقۆزنەوە.

قسەكانیان نا بەرپرسانەیە و خزمەت بە حكوومەت و هاووڵاتییانی كوردستان ناكات
جەلال محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانەی لە بەغداوە بەردەوام باس لە هاتنی پارە بۆ كوردستان دەكەن و گوایە حكوومەت دەست بۆ بڕینی پارەی فەرمانبەران دەبات، ئەوە هیچ ئاگایان لە دۆخی كوردستان نییە و لە نەزانینەوە ئەو قسانە دەكەن.

هەروەها دەڵێ، ئەو پەرلەمانتارانە جگە لە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك قسەی نابەرپرسانە و بڵاو كردنەوەی دڵەڕاوكێ، قسەكانیان نا بەرپرسانەیە و خزمەت بە حكوومەت و هاووڵاتییانی كوردستان ناكات.

لای خۆیەوە دڵشاد نامیق چاودێری سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حكوومەت تا ئێستە بە فەرمی دووپات لەوە دەكاتەوە كە دەست نابات بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران، كەچی هەندێك لە پەرلەمانتاران عێراق بەجۆرێك دەیانەوێ ئەمەش بقۆزنەوە بۆ دەستكەوتی سیاسی و بەپاڵەوانكردنی خۆیان.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، بەشێك بە لە ئەندامانی ئەو گرووپە دژی حزبەكانیی خۆشیانن نەك كوردستان.

لێرە هەواڵێكی تر لەبارەی ئەو گرووپە پەرلەمانتارە بخوێننەوە.


هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ


وشە - سه‌رخێڵ هاشم