ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه به سه‌رپه‌رشتی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداربوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت كۆبووه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌مشه‌و چوارشه‌م یه‌كی نیسان بڵاوی كردووه‌ته‌وه نووسراوه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راپۆرتێك ده‌رباره‌ی بارودۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان و لێكه‌وته ئابوورییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا و هه‌وڵه‌كانی ڕێكخستنه‌وه‌ی داهات و خه‌رجییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن وه‌زیری دارایی و ئابووری و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێشكه‌ش كرا.
حكوومه‌ت هه‌موو هه‌وڵی خۆی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین زیان به هاووڵاتییان بگات
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، سه‌رۆكی حكوومه‌ت دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه سه‌ڕه‌ڕای كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌یه‌كی زۆری داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام حكوومه‌ت هه‌موو هه‌وڵی خۆی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین زیان به هاووڵاتییان بگات. گوتی" كاری ئێسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتییان و دابینكردنی خۆراك و ده‌رمان و مووچه‌یه".
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هه‌مه‌جۆركردنی ئابووری و سه‌رچاوه‌كانی داهات و گرنگیدان به سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی ئابووری به‌تایبه‌تی كشتوكاڵ، به‌شێكی گرنگی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه. بۆیه ئێسته‌ش زیاتر دووپات له گرنگیدان به كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌كه‌ینه‌وه و له‌مباره‌یه‌وه پشتیوانیی له هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌كه‌ین.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به كۆی ده‌نگ بڕیاریدا كه به‌رنامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت و ده‌ستكاری نه‌كردنیه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاریاندا نیوه‌ی مووچه و ده‌رماڵه‌ی دوومانگی خۆیان ببه‌خشن به گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی به سه‌ر خه‌ڵكانی كه‌مده‌رامه‌ت دابه‌ش بكرێت.
هاوكات له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، له بڕگه‌ی دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ره‌شنووسی پێڕه‌وی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی ژماره (2) ی ساڵی 2020 خرایه روو. ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دووپاتی له گرنگیی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كرده‌وه به ئاڕاسته‌ی زامنكردنی شایسته‌داراییه‌كانی مووچه‌خۆری شایسته و له دوای گفتوگۆ به كۆی ده‌نگ پڕۆژه‌ی پێڕه‌وه‌كه په‌سه‌ند كرا به چه‌ند گۆڕانكارییه‌كه‌وه.
نابێت خوێندنی ئه‌مساڵی قوتابیان به‌فیڕۆبچێت
سه‌رۆكی حكوومه‌ت لیژنه‌یه‌كی یاسایی له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی میكانیزمی یاسایی بدۆزنه‌وه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانیی له سه‌ر شانی خه‌ڵكی كاسبكار وكرێچی كه به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزیی له ڤایرۆسی كۆرۆنا زیانیان به‌ركه‌وتووه. له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو.
نووسراوه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدا پێشنیاری وه‌زیری دارایی وئابووری و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ند بكات كه خه‌رجی به‌كاربردنی وه‌زاره‌ته‌كان و دامه‌زراوه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مبكرێته‌وه و ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێ به دابینكردنی مووچه و خزمه‌تگوزارییه گشتیه بنه‌ڕه‌تییه‌كان وبڕیاریشدرا ھه‌رچی زووشه یاسای چاكسازیی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی ناپێویست بخرێته بواری جێبه‌جێكردن تا ئه‌نجامه‌كه‌ی بخرێته‌وه خزمه‌تی مووچه‌خۆرانی شایسته.
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه كه نابێت خوێندنی ئه‌مساڵی قوتابیان به‌فیڕۆبچێت و ره‌زامه‌ندیدا له‌سه‌ر پێشنیاری فه‌راهه‌مكردنی خوێندن و فێربوون به‌شێوازیی پاڵپشتیكار له ڕێگای پرۆژه‌ی خوێندنی ئه‌لیكترۆنی بۆ قوتابیان و خوێندكاران و به‌رده‌وام بوونی پیاده‌كردنی شێوازی ئۆنلاین یان ئه‌لیكترۆنی له ناوه‌نده‌كانی خوێندنی ناحكوومی وه‌ك شێوازی پاڵپشتیكار تاوه‌كو سه‌رجه‌م پێداویستی ته‌كنیكی وكارگێڕیی وقانونییهكانی خوێندنی ئۆنلاین له هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كرێت.