34 حاڵەتی نوێی كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كران

:: PM:10:31:01/04/2020 ‌

تا دێت ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق زیاتر دەبێت، وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند كە لە ماوەی 24 سعاتی رابردوو، 34 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوە و كۆی ژمارەی تووشبووانیشی راگەیاند.
ئاماری تووشبوون لە هەڵكشانە
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی تەندروستی عێراق كە ئەمڕۆ چوارشەم هاتە بڵاوكردنەوە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو، 34 حاڵەتی نوێی تووشبوون لە سەرانسەری عێراق تۆمار كراوە، ئەوەیش نزیكەی نیوەی ژمارەی تووشبوونی دوێنێیە كە 65 حاڵەتی تووشبوون بوو، جگە لە تۆماركردنی دوو حاڵەتی مردن و 12 حاڵەتی چاكبوونەوە.

بەپێی بەیاننامەكە كۆی ژمارەی تووشبووان لە عێراق گەیشتووەتە 728 حاڵەت و 52 حاڵەتی مردن و 182 حاڵەتی چاكبوونەوەیش هەیە. 

لەلایەكی تر ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەردوو سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق بەڕێوە چوو، بۆ باسكردنی هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دۆخەكانی تەندروستی و ئابووری خزمەتگوزاری ناوچە جیاوازەكانی عێراق، لەو كۆبوونەوەیە باسی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجكردنی هەموو مانگێك لە وادەی خۆی و گرنگیدانی زیاتر بوە چینی هەژاران كرا. 

بەپێی بەیاننامەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، لەو كۆبوونەوەیە بڕیار لەسەر دابینكردنی پارەی پێویست بۆ وەزارەتی تەندروستی و شانەی تەنگژە و دابینكردنی شوێنی گونجاو بۆ كەرەنتینەكردنی هاووڵاتییان درا، جگە لە دابینكردنی خۆراك و دەرمان بۆ هاووڵاتییان.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل