دوای به‌دواداچوونێكی "وشه" له‌سه‌ر لابردنی بازگه‌یه‌كی تایبه‌ت به پشكنینی ته‌ندروستی له‌مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان، ئه‌و بازگه‌یه داده‌نرێته‌وه و یه‌كێكی تریشی بۆ زیاد ده‌كرێ.
كامه‌ران محه‌مه‌د ساڵح به‌رێوه‌به‌ری خۆپاراستنی ته‌ندروستی گه‌رمیان به "وشه"ی راگه‌یاند، بازگه‌یه‌كی تایبه‌ت بهخۆپارستنی ته‌ندروستی گه‌رمیان كه بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك لابرابوو، هاوكات "وشه" كاری له‌سه‌ر كرد، ئه‌و بازگه‌یه دانرایه‌وه و جارێكی تر ته‌واوی ئۆتۆمبێله ئێرانییه‌كان له‌و بازگه‌یه پشكنینی ته‌ندروستیان بۆ ده‌كرێ.
زیاتر گوتی، به‌ده‌ر له‌وه بازگه‌ی ترمان له‌و مه‌رزه زیاد كردووه و بووه‌ته دوو بازگه، هاوكات قۆناغه‌كانی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی توندوتۆڵكراون.
لەو بازگانە قۆناغەکانی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی توند و تۆڵكراون
ڕوونیشی كرده‌وه، رێكاری زیاتریان گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ توندوتۆڵكردنه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و ته‌واوی ئه‌و شۆفێرانی هه‌رێمی كوردستان كه ده‌چنه ئێران باره‌كانیان داده‌نێن تێكه‌ڵ به ئێرانی ناكرێن و پاشتریش پشكنینیان بۆ ده‌كرێت، هاوكات بۆ شۆفێرانی ئێرانیش بۆیان نییه له ئۆتۆمبێل دابه‌زن كه دێنه هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
لای خۆشییه‌وه، هه‌ڤاڵ ئیبراهیم گوته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م یه‌كی نیسان، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان سه‌ردانی ئهومهرزهی كردووه و لهرێكاره ته‌ندروستییه‌كان و ئیداریه‌كان كۆڵیوه‌ته‌وه.
ئاشكراشی كرد، هه‌نگاوه‌كان چڕتر كراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی وێستگه‌وه شۆفێری ئێرانی له دیوی ئێرانه‌وه به‌سۆنده و له‌رێگه‌ی ماتۆڕه‌وه سوته‌مه‌نی بگاته تانكه‌ره‌كانی دیوی كوردستانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر شۆفێر و تانكه‌ری ئێرانی نه‌یه‌نه هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
له‌سه‌ره‌تاى تۆماركردنى حاڵه‌ته‌كانى كۆرۆنا له كوردستان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو رێوشوێنێكى گرته به‌ر بۆ پاراستنى خه‌ڵكى كوردستان.
گه‌رمیان / سه‌بری هورێنی