رووسیا كاتی تاقیكردنەوەی ڤاسكینی دژە كۆرۆنای راگەیاند

:: AM:09:52:02/04/2020 ‌
هاوشانی وڵاتانی تر، رووسیا لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی ڤاسكینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا. ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا دەڵێ، مانگی حوزەیرانی داهاتوو ڤاسكینەكە لەسەر 60 كەس تاقی دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسان، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا رای گەیاند، مانگی حوزەیرانی داهاتوو تاقیكردنەوەی ئەو ڤاسكینە نوێیەی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رووسیا لە دروستكردن و پێشخستندایە، بە فەرمی لەسەر 60 خۆشبەخش تاقی دەكرێتەوە.

لە تاقیگەی ڤیكتۆری حكوومی لە نۆڤۆسیبیرسك لە سیبیریا، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ پێشخستنی ڤاسكینی دژە كۆرۆنا، جگە لەو تاقیگەیە، ئەوا لە 36 تاقیگەی تر لە سەرانسەری رووسیا تاقیكردنەوە و هەوڵەكان بەردەوامییان هەیە.

مانگی حوزەیرانی داهاتوو تاقیكردنەوەی ئەو ڤاسكینە نوێیەی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رووسیا لە دروستكردن و پێشخستندایە، تاقی دەكرێتەوە


تاتینا گولیكوفا جێگری سەرۆك وەزیرانی رووسیا دەڵێ، حكوومەت هەموو پێداویستییەكی بۆ تاقیگەكان ئامادە كردووە بە مەبەستی پەلەكردن لە دۆزینەوە و پێشخستنی ڤاسكینی دژە كۆرۆنا. 

بەگوێرەی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی رووسەكان بێت، چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی ئایاری داهاتوو توێژینەوەكانی پێشخستنی ڤاسكینەكە تەواو بێت و دەست بە بەرهەمهێنانی ڤاسكینی دژە ڤایرۆسەكە بكرێت، لە 29ـی حوزەیرانی داهاتووش ڤاسكینەكە بە فەرمی لەسەر 60 خۆبەخش تاقی بكرێتەوە.

 هەوڵەكانی رووسیا بۆ پێشخستنی ڤاسكینی دژە كۆرۆنا لە كاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، دوو هەزار و 777 تووشبووی كۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمار كراوە و تا ئێستەش 25 كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.



وشە - فه‌رمان سادق