ئەزهەر بڕیاری كۆتایی لەسەر بە رۆژووبوون لە مانگی رەمەزان دا

:: PM:12:15:02/04/2020 ‌
هاوكاتی ئەوەی شارەزایانی تەندروستی ئامۆژگاری خەڵك دەكەن زوو زوو ئاو بخۆنەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە مانگی رەمەزان نزیك بووەتەوە كە تێیدا مسوڵمانان بە رۆژوو دەبن. ناوەندی جیهانی ئەزهەر بۆ فەتوا بە پشتبەستن بە بنەمای فیقهی دەڵێن، لابردنی زیان پێش روودانی باشترە، ئەگەر زانست سەلماندی بە رۆژووبوون زیانی هەیە، ئەوا رۆژوو هەڵدەگرین.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسان، ناوەندی جیهانی ئەزهەر بۆ فەتوا لە ماڵپەری ئەلیكترۆنی خۆیدا كۆتایی بە مشتومڕی پێوەند بە مانگی رەمەزان هێنا، دەڵێ، تا ئەوكاتەی پزیشكان لە رووی زانستییەوە سەلماندیان بە رۆژووبوون مسوڵمانان رووبەڕووی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات و ماندوویان دەكات، رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ كە ئەگەری هەیە /24 تا 26/ـی ئەم مانگە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت، لەسەر مسوڵمانان فەرزە بە رۆژوو بن.

ئەزهەر: هێشتا زووە قسە لەسەر بە رۆژوو نەبوون بكرێت بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مانگی رەمەزان


ناوەندی جیهانی ئەزهەر بۆ فەتوا كە مەرجەعێكی باڵای مسوڵمانانی سوننەیە لە دنیا، روونی دەكاتەوە كە هێشتا زووە قسە لەسەر بە رۆژوو نەبوون بكرێت بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مانگی رەمەزان.

زیاتر گوتی "ئیسلام فێری كردووین ددان بەخۆمان بگرین، هەموو رێیەكیش بگرینەبەر بۆ دوورخستنەوەی هەلاكەت و رێگرتن لە زیان، ئەمەش یەكێكە لە بنەماكانی خۆپاراستن كە بنەمایەكی زانایانی شەریعەتی ئیسلامییە كە دوورخستنەوەی بەڵا بەهێزترە لە هەڵگرتنی، بۆیە لەم سۆنگەیەوە ئەگەر هەڵگرتنی بە رۆژوو بوون لە مانگی رەمەزان باشتر بێت و ببێتە هۆی هەڵگرتنی زیان پێش روودانی، ئەوا ئەم رێكارە باشترە لە روودانی زیانەكان، ئەمەش لە روانگەی چارەسەری پێش وەختەدایە".

پرسی بە رۆژووبوون لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا یەكێكە لەو پرسانە مشتومڕی لە ناوەندە ئیسلامییەكان لەسەر دروست بووە، بەوەی یەكێك لە رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بووەتە پەتایەكی جیهانی، زوو ئاو خواردنەوەیە، بەمەش مسوڵمانان ئەگەر پشت بە رێنوێنییە تەندروستییەكان ببەستن، ئەوا رۆژووەكانیان بەتاڵ دەبێت بەپێی شەریعەتی ئیسلام.



وشە - فه‌رمان سادق