فراکسیۆنی پارتی ئامادەکاری بۆ لێخۆشبوون و كەمكردنەوەی كرێ‌ دەکات

:: PM:04:08:02/04/2020 ‌
فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنن، لیژنەی یاسایی حكوومەت بۆ ئامادەكردنی لێخۆشبوون و كەمكردنەوەی كرێی خانوو و دوكانەكان بووەتە بڕیار.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسان، لە ڕاگەیەنراوێكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، بەهۆی ئەو دۆخەی هەیە باری سەرشانی خەڵك و كاسبكاران و كرێنشینان قورستر بووە، بۆیە ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ دامەزراوەكانی حكوومەت و بەتایبەت فراكسیۆنیی وزاری پارتی لە حكوومەت، لە پێوەندی و گفتوگۆدا بووین.

ئەو بابەتە بووەتە بڕیار و لیژنەی یاسایی حكوومەت بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی بڕیارەكە هاتووەتە راسپاردن
ڕوون كراوەتەوە، هەوڵ دراوە بۆ دۆزینەوەی ڕێیەكی یاسایی بۆ كەمكردنەوە و بەخشینی كرێی كرێنشینانی حكوومی و هاووڵاتی و هاوكاریكردنی خەڵكی كوردستان، خۆشبەختانە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو بابەتە بووەتە بڕیار و لیژنەی یاسایی حكوومەت  بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی بڕیارەكە هاتووەتە راسپاردن.

 لە ڕاگەیەندراوەکادا هاتووە، وەك فراكسیۆنی پارتی پشتیوانی تەواو لە هەنگاوی حكوومەت دەكەین و ئەگەریش پێویستی بە بڕیاری تەشریعی كرد، لە پەرلەمانی كوردستان هەموو هەنگاوێك دەگرینەبەر بۆ دەرچوواندنی ئەو بڕیارە، داواش لە تەواوی فراكسیۆنەكان دەكەین هاوكار و پشتیوانی ئەو هەنگاوەبن كە لەم قۆناغەدا خزمەتێكی باشە بە كرێنشینانی كوردستان.

ئەو ڕاگەیەنراوەی فراكسیۆنی پارتی لە كاتێكدایە دوێنێ‌ ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی خۆی گفتوگۆی لەسەر كرێی كرێچییان و دوكانداران كرد تا لەو دۆخەی هەیە زۆر زیان نەكەن.



وشە - رامیار جەواد